“بەهۆی بارهەڵگرێکەوە بووە”
ئاگر لە سنووری پێنج گوندی قەزای ئامێدی کەوتەوە
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
ئێوارەی دوێنی پێنجشەممە بارهەڵگرێک لە رێگای ئەتروش- چەمانکێ، وەرگەڕا و گڕی گرت، ئاگرەکە تەشەنەی سەند بۆ پوش و پاوانی ناوچەکە و سنووری پێنج گوندی گرتەوە.
دوای هەوڵەکانی هێزی پیشمەرگەی پاراستنی ژینگەی دهۆک و بەرگری شارستانی ئەتروش و ناحیەی چەمانکێ، ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا بەڵام درەنگانی شەوی رابردوو دووبارە سەریهەڵدایەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
رەمەزان سیاری، بەرپرسی مەفرەزەکانی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە بە 964ـی وت، رووداوەکە لە شەقامی سەرەکی نێوان ئەتروش- چەمانکێ لە نزیک گوندی شلیا روویداوە، ئەویش بەهۆی لە دەستدانی کۆنتڕۆڵەوە بارهەڵگرێک وەرگەڕاوە و دواتر گڕی گرتووە و شۆفیرەکە خۆی لە بارهەڵگرەکەوە فڕێداوەتە دەرەوە و خەڵکی ناحیەی کەلەکچییە.
وتیشی “ئاگرەکە سنووری پێنج گوندی نێوان ئەتروش و چەمانکێی گرتووەتەوە، تا ئێستاش خەریکی کۆنترۆل کردنین”.
روونیشیکردەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە گوندەکانی شلیا، بیرکییات و مسەلەکا لە سنووری ناحیەی چەمانگی ئاقارەکانیان سووتاوە، ئاگرەکە گەیشتووەتە گوندەکانی ئازەخ، ئەرماش و نزیک بلانیش لە سنووری ناحیەی ئەتروش.
”تاوەکو ئیستا نزیکەی 80% ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و بەشێکی داری کاژ و مازووی سووتاندوە، تا ئێستا زیانەکان بە تەواوی دیار نین چونکە ئاگرەکە بەرفراوانە و پێشبینی کردنی رووبەرەکەشی کارێکی قورسە، بەڵام مەزەندە دەکەین زیاتر لە 100 دۆنەم زەوی سووتا بێت.” رەمەزان سیاری وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر