بامەڕنێ
تەرمی پێشمەرگە ونبووەکە دۆزرایەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی پێشمەرگەیەک لە گوندی پاسێ سەر بە ناحیەی بامەڕنێی سەر بە قەزای ئامێدی دۆزرایەوە.
شاکیر تاهیر تەمەن 45 ساڵان و خێزاندار کاتژمێر07:30 ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لەگوندی پاسێ سەر بەناحیەی بامەرنێ دوای ئەوەی کە ئاوی ماڵەوەی نامێنێ و بەمەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ ماڵەکەی بە غەتاس لە رووبار ئاو رادەکێشێت، پاشان ئاو لە غەتاسەکە نایەت و بەدوایدا دەچێت بۆ ئەوەی بزانێ هۆکاری نەهاتنی ئاوەکە چییە، لە ناو ئاوەکە بە تەزووی کارەبا گیان لەدەست دەدات .
تیمەکانی بەرێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ تەرمەکەیان دۆزییەوە.
جەمال هەسن، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964 وت، هەر لەشوێنی روداوەکە ئەمرۆ کاتژمێر 08:30 تەرمی پێشمەرگەکە لەلایەن تیمەکانيان دوزرایەوە و رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کرا.
بەپێی ئامارەکانی بەرگری شارستانی زاخۆ بێت، ئەمە هەشتەمين تەرمه ئەم ساڵ بەخنکاوی دوزرابێتەوە کە پێنج لەو کەسانە لە سنووری ئیدارەی زاخۆ بوونە و سێی دیکەش لە دەرەوەی زاخۆ بوون بەڵام لەلایەن بەرگری شارستانی زاخۆ تەرمەکانیان دوزراونەتەوە.
پێداچوونەوە : سۆما حەکیم زادە