ڤایرۆسێکی کوشندە بووەتە مەترسی لەسەر ئاژەڵە ماڵییەکانی دهۆک

+964

هێڤی دیوالی- دهۆک

ڤایرۆسێکی مەترسیدار هەڕەشە لەسەر ژیانی پشیلە و سەگی ماڵی لە دهۆک دروست کردووە، ڤێتێرنەری شارەکەش دەڵێ: ئەم جۆرە ڤایرۆسە ئەمساڵ زۆر بەربڵاوە.

ئەو ڤایرۆسەی بڵاوبۆتەوە، ناوە زانستییەکەی (carnivore proto parvovirus 1)ـە لە جۆری    Parvovirus، کە بەربڵاوترین و مەترسیدارترین نەخوشییە کە تووشی پشیلە و سەگی ماڵی دەبێت.

دکتۆر سلێمان تەمەر سەعید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری  دهۆک بە توڕی964ـی  وت: ئەم جۆرە ڤایرۆسە ئەمساڵ زۆر بەربڵاوە، بەگشتی رێژەی 75٪ـی ئەو پشیلەو سەگە ماڵییەی دەبردرێنە نۆرینگەکانی ڤێتێرنەری لە دهۆک، بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوەیە. زیاتر وتی “لەو رێژەیەدا، 80٪ـی ئاژەڵی خۆماڵیین و 70٪ـی ئاژەڵی ماڵی هاوردەکراون”.

دکتۆرسەنا سەليم محەمەد تاهیر، خاوەنی نۆرینگەی ڤیت کلینک کاری بە تۆڕی964 وت: ئەمجۆرە ڤایرۆسە دژوارترین و مەترسیدارتین ڤایرۆسە کە تووشی ئاژەڵە ماڵییەکان بووە لەم ماوەیەدا، بە تایبەت لەسەر پشیلە.

“ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە لە رێگەی دەم و لوت و هەناسەدانەوە، زیاتر دووچاری پشیلە دەبێتەوە و بە تایبەت ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان دوو بۆ شەش مانگ دایە”. دکتۆر سەنا وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە ڤایرۆسەکە وەرزییە.

بە قسەی دکتۆر سەنا بێت، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تا ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی کانونی دووەم، 528 ئاژەڵی ماڵی هێنراونەتە نۆرینگەکەی، لەم ژمارەیەدا 317 حالەتیان ئاژەڵەکان دووچاری ئەو ڤایرۆسە بوونە و 20 پشیلەش بەو هۆیەوە مردوون.

تۆڕی964 دەزانێت، ئەو ڤایرۆسە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو دەرکەوتووە، بە قسەی پزیشکانی ڤێتێرنەری بێت تا مانگی شوباتی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

دکتۆرە سەنا دەڵێ: ئەوەی وایکردووە ڤایرۆسەکە مەترسیدار بێت ئەوەیە کە نیشانەکانی درەنگ دەردەکەێت، ئەوکاتەشی دەردەکەوێت بۆ چارەسەر کاتەکەی کەمێک درەنگە، ئەمەشە وایکردووە بەشێک لە پشیلەکان بە تایبەت ئەوانەی تەمەنیان بچووکە، بمرن.