چیرۆکێکی شەی رابردووی ناوبازاڕی هەڵەبجە

چایچییەک بۆ کەپر دوو داری تەمەن 10 ساڵ دەبرێتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

شەوی رابردوو، هەواڵدەرێک بە ژینگەی هەڵەبجە دەڵێت، “فرۆشیارێک کە پیشەیی چایچییە دوو داری بڕیوەتەوە، تا کەپر بۆ چایخانەکەی دروست بکات”، پۆلیس و ژینگە دەچنە شوێنەکە و فرۆشیارەکەش دەستگیردەکرێ.

کاتژمێر 10:00ی شەوی رابردووی 24-25.7.2024 ژینگە بە ئاگاداری پۆلیس چوونەتە سەر رووداوەکە، بیانووی کاسبکارەکە ئەوە بوو، کە لەبەر گەرما ویستوویەتی کەپر بۆ چایخانەکەی دروست بکات، بەڵام دارەکان رێگر بوون لە بەردەم کارەکەی.

دارەکان تەمەنیان 10 ساڵە و لە بنەوە بڕدراونەتەوە، سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ژینگەی هەڵەبجە بە 964ی وت، “لە ناوبازاڕی هەڵەبجە فرۆشیارەکە ئەو کارەی کردووە و پاش ساغبوونەوەی کارەکە لەسەری، لەلایەن پۆلیسی دارستان پاش وەرگرتنی رای دادوەری ئیشکگر دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار تا رۆژی دادگایکردنی ئازاد کراوە”.

کەسەکە دانیشتووی هەڵەبجە، رێنماییەکانی دەستەی ژینگە رێگەی داوە بە سزای پێ بژاردن و قەربووکردنەوە، بەڵام ئێستا کەیسەکە چووەتە لای دادوەر، بەڕێوەبەری ژینگەی هەڵەبجە وتی، “گەڕان بەدوای ئەو ئامێرەش بەردەوامە کە کارەکەی پێ ئەنجامدراوە، تا دەستی بەسەردا بگیرێت و لێکۆڵینەوە لە خاوەنەکەشی دەکرێت”.

دیمەنەکان گوزارشتن لە ناوچەی رووداوەکە، کە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بڵاویکردووەتەوە؛