لە کامیاران
مەرگی ژینگەپارێزێک دەستگیرکردنی 10 هاوپیشەی بەدوادا هات
964+
ئەحمەد مستەفا
لانی کەم 10چالاکوانی ژینگەیی کورد کە ناسنامەی شەش کەسیان ئاشکراکراوە، لە دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی کامیاران لەلایەن هێزەکانی “سوپای پاسداران” دەستبەسەر کراون.
بە گوێرەی پێگەی رێکخراوی هەنگاو بۆ داتای پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ، شەش کەس لەوانە ناویان، (فەریدە وەیسی، حەمید سەوزە، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی، حیسام مەهدی و ئامانج قوربانی) ین.
رێکخراوەکە دەڵێت، “رۆژی چوارشەممە، هێزەکانی ئیلاعاتی سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر رێستۆرانتی کوێستان، لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان سنە بۆ کامێران و لانی کەم 10 چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزییان دەستبەسەر کردووە”.
ئەم کەسانە لە دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی چالاکوانی ژینگەپارێزی کورد، کە سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا، لە ڕێستۆرانی کوێستان دەستبەسەر کراون.
بەپێی سۆراغی 964، تائێستا بۆ رێکخراوەکان روون نییە هۆکاری دەستگیرکردنەکە چییە، دەزگا ئەمنییەکانیش روونکردنەوەیان نەداوە، ئەوە لە کاتێکدا ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی کامێران بوو، بەهۆی سووتانی جەستەی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگردا، دوای دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، “بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، ئیسماعیل کەریمی، خەڵکی کامیاران و باوکی دوو منداڵ کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە ئەنجامی سووتانیدا، لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە پزیشکییەکانی تاران گواسترابووە، رۆژی چوارشەممە گیانی لەدەستدا”.
وێنەی ئیسماعی کەریمی، چالاکوانی ژینگە کە گیانی لەدەستدا – وێنە: رێکخراوی هەنگاو
وێنەی ژمارەیەک لە چالاکوانە ژینگەیییەکان – وێنە: رێکخراوی هەنگاو