“زیاتر لە 50 هەزار تۆن بەربوومی خۆماڵی نێردراوەتە پارێزگاکانی عێراق''
دهۆک بووەتە خێر و بێر بۆ هەموو عێراق
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک، هەموو جۆرە بەروبوومێک چێندراوە و زیاتر لە 50 هەزار تۆن لە بەرهەمی کشتووکاڵی لە سنووری دهۆکەوە بۆ پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق نێردراوە.
ئێستا ناوی بەرهەمی دهۆک بووەتە بڕاندێکی بەهێز لە بازاڕ دا
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بۆ 964 وتی، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 50 هەزار تۆن لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک نێردراوە بۆ پارێزگاکانی عێراق، بەهۆی باشی کواڵیتی بەرهەمی جۆتیارەکانمانەوە ، ئێستا ناوی بەرهەمی دهۆک بووەتە بڕاندێکی بەهێز لە بازاڕ دا، بەرهەمەکانمان بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگوازرێنەوە بێ جیاوازی.
وتیشی، زیادبوونی رێژەی هەناردە کردن، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی رووبەری زیاتر بەو بەروبومانە بچێندرێن کە خواستیان لەسەرە، دەتوانم دڵنیایی بدەم لەم دوو ساڵەی کۆتایی هیچ جۆتیارێک لە سنووری پارێزگای دهۆک تووشی زەرەر نەبووە، بەڵکو دۆخیان زۆر باش بووە و بەرەو باشتریش دەڕوات.
”ئەو بەرهەمانەی زۆرترین خواستیان لەسەرە ئێستا بریتین لە: پەتاتە، تەماتە، پیاز، خەیار و شووتی ، جگە لەوانەش بەرهەمەکانی دیکەی وەک: گێلاس، سێو، خۆخ و کاڵەک رەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێن نرخەکانیشیان لە بازاڕدا بەرزە و کەمی نەکردووە” ئەحمەد جەمیل وای وت.
بۆ ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گشتی” رووبەری چاندنی تەماتە 10هەزار و 838 دۆنم، خەیار 8 هەزار و 941 دۆنم، باینجان هەزار و 296 دۆنم، پەتاتە 37 هەزار و333 دۆنم، کاڵەک 12 هەزار و 722 دۆنم، شووتی شەش هەزار و 103 دۆنم، پیاز هەشت هەزار و 755دۆنم، هەزار و 817 دۆنم و لۆبیا هەزار و 860 دۆنمە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر