بڕێك نەوتی خاو ديار نەماوە
سەرچاوەیەک بۆ 964: ژمارەیەک فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستگیرکران
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە 964ی راگەیاند، ژمارەیەک فەرمانبەر لە یەکێک لە وێستگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عیراق دەستگیرکراون و لێكۆڵینەوەیان لە بارە دیارنەمانی بڕێك نەوتی خاو لێدەكرێت.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە تیمێکی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ژێر فەرمانی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی گەیشتنە شاری کەرکوک و 12 فەرمانبەریان لە وێستگەی سارەلوو سەر بە قەزای دوبز دەستگیر کرد، ئەمەش بە تۆمەتی دیارنەمانی بەشێک لە نەوتی خاو، بەڵام دواتر ژمارەیەکیان بەکەفالەت ئازاد کران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24.7.2024 سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە 964ـی وت، هێزێکی تایبەتی ئاسایشی نیشتمانیی بەغدا لە ژێر فەرمانی سەرۆک وەزیران هاتوون 12 فەرمانبەری وێستگەی سارەلوویان لە قەزای دوبز دەستگیرکردوە و بردوویانن، دوای لێکۆڵینەوە 9 لە دەستگیرکراوەکان بەکافەلەت ئازاد کراون، بەو پێیەی تەنیا کارمەندی ئاسایی بوون و هیچ بەرپرسیاریەتییەکیان نییە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەگەڵ 3 فەرمانبەر ماوە، کە بەرپرسی بەشەکانی وێستگەکانن، هۆکاری ئەم دەستگیركردنەش بۆ دیار نەمانی بەشێک لە بەرهەمی نەوتی خاوی وێستگەكە دەگەڕێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، وێستگەی سارەلوو دەکەوێتە سنووری قەزای دوبز لە رۆژئاوای شاری کەرکوک، كە بەرهەمی رۆژانەی 40 هەزار بەرمیل نەوتە، بەشێک لە بەرهەمەكەشی رەوانەی کۆمپانیایەك دەکرێت لە هەرێمی کوردستان و ئەوەی دیکەش رەوانەی عەمبارەکانی کۆمپانیای نەوت دەکرێت لە ناو کۆمپانیای نەوتی باکوور لە كەرکوک.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا