بۆریی سەرەکی شکاوە

دوو لە سەر سێی سیدەکان بێ ئاون

+964

ئاکام غەفور- سۆران

بۆری سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی قەزای سیدەکان شکا و بەهۆیەوە نزیكەی 750 ماڵ بێ ئاو بوون، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەزاكەش هەواڵی خۆشی پێنییە و دەڵێت سبەی بەشێكی دیكەی ماڵەكان بێئاو دەبن.

لە دەروازەی قەزای سیدەکان و لە بەرامبەر بینای وەرزش و لاوان، لە کاتی کارکردن لە رێگای سیدەکان، بۆڕی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە شكا، بەو هۆیەشەوە بەشی زۆری قەزایەکە بێ ئاو بوون، كە نزیكەی 750 ماڵن.

قارەمان شێخۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان، بە 964ـی وت، “یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەكانی ئاوی قەزاکە شکاوە، دوو لە سەر سێی قەزاکە بێئاو ماونەتەوە، ئەمڕۆ دوو گەڕەک بێئاو بوونە و بەیانی چەند گەڕەکێکی دیکەش بێ ئاو دەبن”.

روونیشیکردەوە، ئاوی تەواوی قەزاکە لە یەک سەرچاوەوە دێت و بە دوو بۆری جیاواز بەسەر ماڵاندا دابەش دەکرێت و یەکێک لەو بۆریانەی شکاوە تیرەکەی هەشت ئینجە.

وتیشی، چاککردنی بۆرییەکە لە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایە، کە کار لە رێگای سیدەکان دەکات، ئەمڕۆ بۆرییە شکاوەکە چاکنەکراوەتەوە و پێشبینیی دەکرێت بۆ سبەی ئێوارە چاک بکرێتەوە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەکان، گلەیی لە بەڵێندەرەکان دەكات و دەڵێت، لە پاراستنی بۆری ئاو لە کاتی کارکردندا پابەند نین، کە بۆرییش دەشکێت لە چاککردنی کەمتەرخەمی دەکەن.

بەپێی وتەی قارەمان شێخۆ، سەرچاوەی ئاوی قەزاکە، ئاوی بەفری کوێستانی بەربزین و ئاوی ناو رووبارانە، کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە سیدەکانەوە دوورە.
لە سەنتەری قەزای سیدەکان نزیکەی هەزار و 100 هاوبەشی ئاو هەیە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لە هەولێر دیسان بۆری ئیفراز شکا و لە ئامێدیش رێگا داخرا

لە هەولێر دیسان بۆری ئیفراز شکا و لە ئامێدیش رێگا داخرا