لە ستۆدیۆ بانگ دەدریت

سۆران پەیڕەوى یەکدەنگى دەکات لە بانگدان دا

964+

وریا فەتاح

هاوشێوەى هەولێر، لەمەودوا ئیدارەى سۆرانیش پەیڕەوى بانگدانى ئەلیکترۆنى دەکات و لە رێگەى ستۆدیۆوە بانگەکە بۆ سەرجەم مزگەوتەکان پەخش دەبێت.

د.پشتیوان سرێشمەیى، بەڕێوەبەرى ئەوقافى سۆران بە 964ـى وت، هەرچەندە پێى دەوترێت “بانگدانى ئەلیکترۆنى”، بەڵام ئەلیکترۆنى نییە و راستەوخۆ لە رێگەى ستۆدیۆوە بانگ دەدرێت و ئەو بانگە لە رێگەى ئامێرێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ هەموو مزگەوتەکان.

ئیدارەى سۆران دواى هەولێر، ئێستا سەرقاڵى یەکخستنى بانگە لە هەموو مزگەوتەکان، سەرەتا لەناو سەنتەرى سۆران دەستى پێکردووە، بەوتەى ئەوقافى سۆران، دواى سۆران لە رواندز و خەلیفان و سیدەکان و چۆمانیش، جێبەجێ دەکرێت.

پشتیوان سرێشمەیى روونیکردەوە، لە هەر شارێک ستۆدیۆیەک دادەنرێت و لە رێگەى ئامێرێکەوە هەموو مزگەوتەکانى پێوە دەبەسترێتەوە، لەگەڵ هەر کاتێکى بانگدان، لەو ستۆدیۆیەوە کەسێکى دەنگخۆش کە دیاریکراوە بانگ دەدات و هەمان دەنگ لە هەمان کاتدا بۆ هەموو مزگەوتەکان پەخش دەبێت.

“پڕۆژەکە بیرۆکەى وەزارەتى ئەوقافە و گرفتى شەرعى نییە و لیژنەى باڵاى فەتوا بڕیارى لێداوە، بە جێبەجێکردنى کێشەى کاتى جیاوازى بانگدان لە مزگەوتەکان و کێشەى دەنگ ناخۆشى بانگدەر نامێنێت، چونکە ئەو بانگە لە ستۆدیۆ و بە مەقاماتى جیاواز دەدرێت”، بەڕێوەبەرى ئەوقافى سۆران واى وت.

بەڕێوەبەرى ئەوقافى سۆران:

لە سنوورى ئیدارەى سۆران نزیکەى 600 مزگەوت هەیە

"لە بانگدان و ئیلتزامات بە دینەکەمەوە بەردەوام دەبم"