ئەزموونی سەربازیشی هەیە و هاتووەتە عێراق

پێشکەشکارێکی فۆکس نیوز دەبێتە وەزیری بەرگریی ئەمریکا

شۆڕش قادری

پێشکەشکارێکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریكی دەبێتە وەزیری بەرگری ئەمریکا کە ئەزموونی سەربازیشی هەیە و هاتووەتە عێراق.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پیت هێگزێت پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوزی وەک وەزیری داهاتووی بەرگریی وڵاتەکەی دیاریی کردووە.

هێگزێت ئەزموونێکی دوورودرێژی لە سوپای ئەمریکادا هەیە و پاش ئەوەی بەشداری شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستانی کرد، ساڵی 2012 هەوڵی زۆریدا بچێتە ناو گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکا و ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواتر روویکردە کاری میدیایی و بوو بە پێشکەشکار لە کەناڵی فۆکس نیوز.

پیت هێگزێتـی تەمەن 44 ساڵ لە ساڵی 2014ـەوە وەک پێشکەش کار لە کەناڵی فۆکس نیوز کار دەکات و بەرنامەیەکی تایبەتی بەناوی (فۆکس و هاوڕێیان لە کۆتایی هەفتەدا)ی پێشکەش دەکرێت، لە ساڵانی رابردووشدا زیاتر لە دۆناڵد ترەمپ نزیک بووە، هەرئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە چەند جارێک ترەمپ وەک میوان بەشداری بەرنامەکانی فۆکس نیوز بکات.