لە بینایەکى چوار نهۆمى کەوتووەتە خوارەوە
چیرۆکى ئەو خوێندکارەى زانکۆى سەڵاحەدین کە لە ناو ئۆتۆمبێل تاقیکردنەوەکانى ئەنجامدا
964+
وریا فەتاح
زانکۆى سەڵاحەدین، سەرکەوتنى ئەو خوێندکارەى راگەیاند کە بەهۆى ئەوەى لە بینایەکى چوار نهۆمى کەوتبووە خوارەوە، لە پشتى ئۆتۆمبێلێکەوە تاقیکردنەوەکانى ئەنجامدا بوو.
چیرۆکى عامر ونس، خوێندکارى قۆناغى چوارەم لە کۆلێژى بەڕێوەبردن و ئابورى-بەشی کارگێری رێکخراوە گەشتیارییەکان، بەم شێوەیەیە: بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی دەچێتە سەرکار لە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی لە گەرەکی ئازادی هەولێر، بەڵام لەکۆتا کاتەکانی تەواوبوونی کارەکەیدا لەگەڵ هاوڕێیهكی لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەکە، کە بەرزییەکەی 17 مەترە دەکەونە خوارەوە.
دوای رووداوەکە هەردوو کرێکارەکە، دەگەیەنن بە نەخۆشخانە، بەڵام دوای کاتژمێر و نیوێک لە رووداوەکە، یهكێكیان گیان لە دەستدهدات، عامر ونس بە سەختى بریندار دەبێت.
وەک ئەوەى ماڵپەرى زانکۆى سەڵاحەدین بڵاوى کردووەتەوە، ئەو خوێندکارە دەستەوستان نابێت و نایەوێت خوێندنى ساڵەکەى لەدەست بچێت، بۆیە پەیوەندى بە بڕیاردەرى بەش دەکات کە رێگەچارەیەکى بۆ بدۆزنەوە بۆ ئەوەى تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدات.
زانکۆى سەلاحەدین ئەوەشى خستووەتەڕوو کە بە هەوڵى بەش و زانکۆ لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بە لەبەرچاوگرتنى رێکارە یاسایی و زانستییەکان، خوێندکارەکە ئەم دوو تاقیکردنەوەیە بە پاڵکەوتوویی و لە رێگەی ئۆنڵاینەوە ئەنجام دەدات.
بە هەوڵى مامۆستا و بەشەکەى، خوێندکارەکە تاقیکردنەوەى کۆتایى سمستەرى دووەم بە پاڵکەوتوویى و لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا ئەنجام دەدات و کەسێکیش وەڵامەکانى بۆ دەنوسێتەوە.
“عامر ونس بە نمرەیەکی بەرز و باش توانی لە تاقیکردنەوەکان دەربچێت و دوانەکەوێت لەو هاورێ و هاوپۆلەكانی وەک دەرچووەکی ئەمساڵی خوێندن و دەرچووانی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر”، زانکۆى سەڵاحەدین واى نوسیوە.