لیستى موچەى خانەنشینان بە هاوتاکراوى رەوانەکراوە
لیستى موچەى مانگى تەمووز رادەستى بەغدا کرا
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى دارایى هەرێم لیستى موچەى مانگى حەوتى رادەستى وەزارەتى دارایى عێراق کرد کە لیستى خانەنشینان بە هاوتاکراوى رەوانەکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم بڵاوى کردەوە، لیستى موچەى مانگى تەموزى سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆران و دەزگا ئەمنى و سەربازییەکانى رادەستى وەزارەتى دارایى حکومەتى فیداڵ کرا.
وەک ئەوەى وەزارەتەکە خستوویەتییەڕوو، لیستی مووچەی خانەنشینان بەهاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانە کراوە.
رۆژى 3.7.2024، ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە پەسەند کرد، ئەوەش بە پێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 کارپێکراو لە بەغدا کە یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2006ـێ هەڵوەشاندووەتەوە.
بەپێى راگەیەنراوێکى پێشوترى وەزارەتى دارایى هەرێم کە لە 3.7.2024 ببڵاوى کردووەتەوە، لەمەودوا دەبێت کار بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 بکرێت بە ئاراستەی یەکسانی لە موچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122ملیار دینارە.
بە قسەی وەزارەتی دارایی، ئێستا لە هەرێم کەمترین بڕی موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین موچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێویی کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لە حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا موچە و دەڕماڵە نەک تەنیا موچەی بنەڕەتی.