بچن ناسنامەکانتان وەربگرنەوە
ئاگادارییەک بۆ خاوەن پێداویستییەتایبەتەکانى رواندز
964+
وریا فەتاح
بنکەی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی رواندز ئاگادارى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات، بەزوترین کات سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەى ناسنامەکانیان.
ژمارەیان 350 کەسە و تایبەتە بەوانەى فۆڕمى (بەرحەیات)یان پڕکردووەتەوە
ئبنکەکە لە راگەیاندراوێکدا ئاگاداری تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەتی سنووری قەزای رواندز دەکاتەوە، بەتایبەت ئەوانەی مووچەی کەم ئەندامی لە بانکی رواندز وەردەگرن، بە زووترین کات سەردانی بنکە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناسنامەکانیان.
لاى خۆیەوە، ئاسودە عەبدول عەزیز، بەڕێوەبەرى بنکەی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی رواندز بە 964ـى وت،” دەبێت خودى کەم ئەندامەکە ئامادە بێت بۆ وەرگرتنەوەی ناسنامەکەی و لەگەڵ خۆی وێنەیەکی مامەڵەکردنیش بهێنێت، چونکە ناسنامەکە هى ئەوانەیە موچەخۆرن و فۆڕمى بەرحەیاتیان پڕکردووەتەوە”.
وەک باسى دەکات، لە سنوورى رواندز زیاتر لە 750 کەمئەندام هەیە، بەڵام 350 کەسیان لە لیستى موچەدان 145 کەمئەندامى دیکەش لیژنەیان بینیوە و بەشێکن لەو 13 هەزار کەمئەندامەى کە بڕیارە بخرێنە لیستى موچە.
ئەو باسى لەوەشکرد، ئەو کەمئەندامانەى حاڵەتەکەیان قورسە، لیژنەیەکى سێ کەسیان بۆ پێکدەهێنن و لە ماڵەوە سەردانى دەکەن ئەگەر لە ژیاندابوو ناسنامەکەى پێدەدەنەوە.
لەبارەى جۆرى ناسنامەکەشەوە ئاشکراى کرد کە ناسنامەیەکى زیرەکە و بارکۆدى لەسەرە و سیستەمکراوە و هەموو زانیارییەکى لەبارەى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکە تێدایە.
کەمئەندامان لەمڕۆوە تا دوو مانگ دەتوانن ناسنامەکانیان وەربگرنەوە.