نەخشەی ئیدارەی راپەڕین دەکرێت بە سێ رەهەندی
964+
ژیوار خدر – راپەڕین
لەمەودوا وێنەی سنووری قەزای رانیە و پشدەر بە شێوەی سێ رەهەندی لەسەر نەخشەی Google Map پیشاندەدرێن، خەڵک هەر لەسەر ئینتەرنێت دەتوانن هەموو کوچە و کۆڵانەکانی ناوچەکە ببینن و ناونیشانی وردی ناوچەکە دەچێتە سەر نەخشە.
لە رێگەی پرۆژەیەکەوە کە ناونراوە “گەشەپێدانی نەخشەیی سنووری ئیدارەی راپەڕین وەک پێشکەوتوترین نەخشەی دیجیتاڵی لە کوردستان و عێراق ” نەخشەی سنوورەکە بە دیجیتاڵی دەکرێت و سیستمی زانیاریی جوگرافی GIS دادەنرێت بۆ پیشاندانی وێنەی سنوورەکە بە شێوەی سێ رەهەندی.
لەو چوارچێوەیەدا رووپێوی کراوە بۆ سنووری نۆ شارەوانی سنووری ئیدارەی راپەڕین و نەخشەی بنەڕەتییان بۆ دروستدەکرێت.
بەپێی نووسراوی پرۆژەکە، کە دەست تۆڕی 964 کەوتووە، رووپێوییەکە سنووری شارەوانییەکانی سەروچاوە، سەرکەپکان، خدران، بنگرد، ژاراوە، هەڵشۆ، هێرۆ، ئیسێوە و بۆکسێن دەگرێتەوە و لە رێگەی درۆن رووپێوی بۆ سنووری چوار شارەوانی کراوە.
“ناوی کوردی شیاو بۆ سەرجەم گەڕەک و شەقامە سەرەکییەکان و باخچە و پارکەکان و زۆربەی شارەکان دانراوە کە نزیکەی سێ هەزار ناوە و ناوی دووبارەی تێدا نییە،” بەپێی پرۆژەکە.
خزمەتگوزاری Street View Google بۆ سەرجەم شەقام و کۆڵانەکانی هەموو شارەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین و بەشێکی دەرەوەی شارەکان ئەنجامدراوە.
لە نەخشە نوێیەکەی سنووری ئیدارەی راپەڕیندا، ناوی 600 گوند جێگیر کراوە و ناونیشانی رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان و رێگەی گوندەکان هەیە.
بەپێی نوسراوی پرۆژەکە، “یەکێک لە گرنگترین کارەکان بریتییە لە دانانی Adress و پۆست کۆد بۆ ماڵەکانی یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری رانیە کە سەرکەوتوو بووە.”