بە گوژمەی زیاتر لە 12 ملیار دینار

سێ پرۆژە لە ناحیەی دەرکار جێبەجێ دەکرێن

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئیدارەی زاخۆ روی کردە ناحیەی دەرکار و سێ پرۆژەی خزمەتگوزاری لەوێ جێبەجێدەکات.

پرۆژەکان پێکدێن لە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی لۆفەکانی شەرانش، نەخۆشخانەی دەرکار و دابینکردنی ئامێری پزیشکی بۆ چەند نەخۆشخانەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەر سێ پڕۆژەکە بە گوژمەی 12 ملیار و 420 ملیۆن دینار جێبەجێدەکرێن..

ئەمرۆ پێنجشەممە 18.7.2024 گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغە بۆ سێ پرۆژەی خزمەتگوزاری دانا و بە ی964 راگەیاند، ” ئاڕاستەی خزمەتگوزارییەکانمان لەسەنتەری قەزاکانەوە گواستووەتەوە بۆ ناحیە و کۆمەڵگەکانی دەرەوەی شار و بەردەوامیش دەبین”.

جەهوەر محەمەد، بەرێوەبەری ناحیەی دەرکار بە 964ی وت، “دەمێکە کار لەسەر دروستکردنی لۆفەکان دەکرێت و نەخوشخانەکەش دوای هەفتەیەکی دیکە دەستپێدەکات”.

شڤان عەبدی، بەرێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی زاخۆ بۆ 964 وتی، “ئامێری پزیشکی بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن دابینکراون هەر ئەمرۆ بەسەر نەخۆشخانەکانیاندا دابەش دەکەین”.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر نەخۆشەکانی ناحیەی دەرکار و کۆمەڵگاکانی نەچاربوون بۆ چارەسەرکردن روو لەزاخۆ بکەن، هەروەها رێگاوبانی ناحیەکەش پەکیان کەوتبوو، بەشێوەیەک هاتوچۆکردنی گەشتیار و خەڵکی گوندەکانی بۆ گوند و ناوچە گەشتیارییەکان سەخت کردبوو.

ناحیەی دەرکار سەر بە قەزای زاخۆیە و لە خۆرهەڵاتەوە نزیکەی 20 کیلومەتر لەسەنتەری قەزای زاخۆوە دوورە، ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکەش سەروی 25 هەزار کەسە و تا ئێستا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەخۆی نەبوو.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

بە گوژمەی 59 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەولێر ج...

بە گوژمەی 59 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت