پلانەکە سەرکەوتوو بووە

شەش ملیۆن سەردانکەر بەشداریان لە رێوڕەسمەکانى عاشورادا کردووە

964+

وریا فەتاح

ئەنجومەنى پارێزگاى کەربەلا رایگەیاند، شەش ملیۆن سەردانکەر بەشداریان لە یادکردنەوەی رێوڕەسمی عاشورادا کردووە.

ئەنجومەنەکە لە راگەیەندراوێکدا وێڕاى سەرکەوتنى پلانەکان بۆ یادى عاشورا، ژمارەى سەردانکەرانیان بە شەش ملیۆن کەس خەمڵاندووە.

هەموو ساڵێک شیعەکان چی ئەوانەی دوانزە ئیمامین و چی ئەوانەشی ئیسماعیلی و زەیدین، لەژێر قرچەی پلەی گەرمی نزیکی پەنجا، بەدەستی راستیان سنگیان دەکوتن و هەندێکیشیان بە زنجیر جەستەی خۆیان داغان دەکەن، بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەین شیعەکان بۆچی لەخۆیان دەدەن؟

شیعەکان لە رۆژی عاشورا کە لە 10 رۆژی سەرەتای مانگی موحەرەم ئەنجامدەدرێت، تا چلەی ئیمامی حوسێن لەمانگی سەفەر مەراسیمە ئاینیەکانیان ئەنجامدەدەن، بەڵام لەخۆدان و هاواری شیعەکان لە دەیەمین رۆژی مانگی موحەرەمە ئەو رۆژەیە کە لە جەنگی تەفەف ساڵی 61ـی کۆچی، ئیمامی حوسێن و نزیکەکانی شەهید کران، دوای چل رۆژ واتا لە 20ـی مانگی سەفەر، چلەی ئیمامی حوسێن و هاوڵانیەتی، لەو کاتانەش بەهەمان شێوە شیوەن و گریان و لەخۆدانەکان بەردەوام دەبن، بەمە دەوترێت شەعائیری حوسێنی.

ئیمامی حوسێین، کوڕی فاتیمەی کچی پێغەمبەرە (د.خ)، رووداوی کوشتنەکەی بەتەواوی پەیوەندی هەبوو بە هەڵگەڕانەوەی ئیمامی حوسێن لە دەوڵەتی یەزیدی کوڕی معاویە.

بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان چیرۆکی ئەو شیوەنەی شیعەکان دەیگێڕن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژەی کە ئیمامی حوسەین شەهید دەبێت، خوشک و هاوسەر و کچانی ئیمام بۆ ماوەی سێ رۆژ شیوەنیان کردووە، دواتر ئەو شیوەنە گواستراوەتەوە بۆ مەدینە و بۆ ماڵی پێغەمبەر و لەوێ بۆ ماوەی ساڵێک شیوەن بەردەوام بووە.

لەسەر ئاستی دەوڵەت بۆیەکەمجار لەسەردەمی بوەهییهەکان و فاتیمیەکانی میسر مەراسیمی لەخۆدان و شیوەن ئەنجامدراوە بە تایبەت لە رۆژانی چلەی ئیمامی حوسێن.

یەکێکی تر لە هەرە باوترین سیماکانی یادی عاشوار سینە کوتانە، پەیڕەوکارانی شیعە بە ناو لەپی دەست لە سنگیان دەدەن، ئەم نەریتە بەفەرمی لەسەردەمی سەفەویەکان هاتە کایەوە، ئەوان لەگەڵ ئەوەی سنگیان دەکوتن، کەسێک بەدەنگی بەرز سروودی ئاینی دەڵێتەوە، ئەو کەسەی سروودەکە دەخوێنێت پێی دەوترێت (رادوود).
شیعەکان لە رۆژانی عاشورا و چلەی ئیمامی حوسێن، بەڕیز دەوەستن و هێشووە زنجیرێکی بەیەکەوە بەستراویان بەدەستەوەیە، لەگەڵ ریتمی ئەو دەهۆڵەی دەکوترێت، زنجیرەکە لە شانی راست و چەپیان دەدەن، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، ئەو شێوازە سەرەتا لە هیندستانەوە سەریههەڵداوە و دواتر پەڕیوەتەوە بۆ ئێران، بە تایبەت لەسەردەمی حوکمی قاجارییەکان بووەتە نەریتێکی باو، بەڵام دیارترین سیمای رۆژانی عاشورا کە زۆری لەبارەوە دەوترێت تیخبازییە.

بەشێک لەوانەی لە مەراسیمەکە بەشدارن بە تیخ یان بە قەممە یانیش بە شمشێر لە نێوچەوان و پێشەسەریان دەدەن تا خوێنی لێدێت، زۆربەیان جلێکی سپی لەبەردەکەن وەک ئاماژەی کفن، هەندێک لەوانە رۆژی 10ـی موحەرەم سەری خۆیان دەتاشن تیغ و قەممە لە نێوچەوانیان دەخشێنن، بەشێکیان شەوی بەر لە ١٠ی موحەرەم بە قامیشێک نێوچوانیان دەئاوسێنن بۆ ئەوەی رۆژی دواتر کرداری خوێن هاتنەکە ئاسانتر بێت، بە مەوکیب دەڕۆن و هاوار دەکەن (حەیدەررررر حەیدەر) مەبەست لێی ئیمامی عەلیە.

ئەوان ئاڵای سوور بەرزدەکەنەوە بەتەپڵی گەورە و کەڕنا وەک ئاماژەی جەنگ ئەو یادە بەڕێدەکەن، هەموو ئەوشیوەنە بۆ ئەوەیە تا بڵێن ئەی ئیمامی حوسێن، ئێمە لەسەردەمی تۆ نەژیاین تا پاڵپشتت بین و لەپێناوتا بجەنگین، ئەوە ئێستا بۆ لات هاتووین.

شیعەکان بۆچی لەخۆیان دەدەن؟

شیعەکان بۆچی لەخۆیان دەدەن؟