كه‌شناسی ره‌تیده‌كاته‌وه و ناحیه‌ش ده‌ڵێت روویداوه
ئایا ئه‌مڕۆ لە ناڵپارێز بوومەلەرزە روویداوە؟
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
ده‌نگۆیه‌ك له سنوورى پێنجوێن بڵاوكرایه‌وه كه گوایه له کاتژمێر 1:00ـی نیوەڕۆى ئه‌مڕۆ بوومەلەرزەیەک سنوورى ناحیەی ناڵپارێزی هەژاندووە، بەڵام كه 964 سۆراغى كرد، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه سووره له‌سه‌ر روودانیى و كه‌شناسیش ره‌تیده‌كاته‌وه.
دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆكه 964 پەیوەندی بە هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێزەوە کرد ئه‌ویش دووپاتیكرده‌وه كه لە نزیک کاتژمێر 1:00ـى نیوه‌ڕۆ بوومەلەرزەكه روویداوه و وتیشی “بەهێز بووە و هەمووان هەستیان پێکردووە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌وان بۆ سەلامەتی گیانیان باڵەخانەکەیان جێهێشتووە و کارمەندی فەرمانگەکانی دیکەش هاتوونەتە دەرەوە.
به‌ڵام هه‌رچی ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانییه بۆ 964 رەتیکردەوە كه لە ئه‌مڕۆكه له سنوورى پێنجوێن هیچ بومه‌له‌رزه‌یه‌ك روویدابێت.
وتیشی “کاتژمێر 1:50 خولەک بومەلەرزەیەک بە گوڕی 1,9 پلەی رێختەر لە بەرزنجە روویداوە و کاتژمێر 1:57 خولەکیش بوومەلەرزەیەکی دیکە لە کەلار روویداوە هیچ كام له‌م بومهلهرزانهش به‌هۆى نزمى پله‌كه‌یان هەستیان پێناکرێت”.
964 بۆ زیاتر دڵنیابوونه‌وه له بوونى ئه‌م رووداوه له سنوورى پێنجوێن، په‌یوه‌ندی به بەهادین حەسەن، بەرپرسی کەشناسی پێنجوێن كرد و به‌هه‌مان شێوه روودانى بومه‌له‌رزه‌ى له پێنجوێن ره‌تكرده‌وه، وتیشی “لە ناحیەی ناڵپارێزیش پێوەری بوومەلەرزەمان نییە”.
بۆ ساغکردنەوەی هەواڵەکە، جارێکی دیکە 964 پەیوەندی کرد بە هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز كرد و ئه‌ویش دووباره جەختی کردەوە کە “بومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز بووە و ئەو ناوچەیەیشی گرتوەتەوە”.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌مڕۆكه بۆردومانێك له‌سنوورى ناحیه‌كه‌ى هه‌بووه ئه‌ویش سه‌ر له به‌یانییه‌كه‌ى روویدا.
كاتژمێر 7:00ـى سه‌رله‌به‌یانى بوو له گوندی بادانەی سەر بە ناحیەی ناڵپارێز بۆردومانێك روویدا، به‌ڵام كه‌س نه‌یزانى بۆردومانه‌كه له‌رێگه‌ى فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە یان فڕۆکەی جەنگی بووه.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن