بڕیارى پارێزگایه‌

له‌ ئه‌مڕۆ هه‌رچی سواڵكه‌ر و فاڵگره‌وه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیر ده‌كرێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پارێزگاى هه‌ولێر بڕیاری دا له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ست به‌ ده‌ستگیركردنى ئه‌و سواڵكه‌ر و فاڵگره‌وانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ بەردەم پێشانگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن و لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن.

بڕیاره‌كه‌ ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر داویه‌تى و لە سەر داواکارى و گلەیی و گازاندەى هاوڵاتیان و لە پێناو نەهێشتنى دیاردەى ناشارستانى و لە چوارچێوەی هەڵمەتی رێگەگرتن لە روونەدانى رووداوى نەخوازرا و دوور لە ئادابى گشتى، هەروەها بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوون بە بڕیار و رێنماییەکانه‌وه‌ دراوه‌.

پارێزگاى هه‌ولێر ئه‌مڕۆ چوارشەممە 17.7.2024، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پۆلیسی هەولێر راسپێردراون بۆ جێبه‌جێكردنى هەڵمەتی دەستگیركردنى سواڵکەر و فاڵگرەوەكان و ده‌شڵێت، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ژنانەش ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باکوورى شارى هەولێر هەن.