ژینگەی هەڵەبجە بە تەلەفۆن ئاگادارکراوەتەوە

کارمەندی کۆمپانیایەک ئاگر دەکاتەوە و ژمارەیەک داری گۆران سیتی دەسووتێن

964+

ئەحمەد مستەفا

دانیشتووانی گۆران سیتی لە هەڵەبجە، داوا لە کارمەندی کۆمپانیایەکی بیناسازی دەکەن ئەو دارانەی لە گەڕەکە سوتاندوویەتی قەرەبووی زیانەکانی بکاتەوە، “بەڵام بە قسەیان ناکات”، ئەوانیش بە تەلەفۆن ژینگەی هەڵەبجە ئاگادار دەکەنەوە.

ئەوە چیرۆکی سووتانی ژمارەیەک دارە لە گەڕەکی (گۆران سیتی) هەڵەبجە، ئەمڕۆ چوارشەممە کارمەندی کۆمپانیایەکی بیناسازی کە سەرقاڵی کارکردن بووە، بۆ ئەوەی کارەکەیان جێبەجێ بکەن، هەستاوە بە سووتانی پووش و پاوانی ناوچەکە، بەهۆیەوە ژمارەیەک دار کە خەڵکی گۆران سیتی چاندوویانن سوتاوون.

بە گوێرەی قسەکانی بەڕێوەبەری ژینگەی هەڵەبجە بێت کە بۆ 964 قسەی کردووە، “چوار داریان کە تەمەنیان لە نێوان چوار بۆ پێنج ساڵدایە سووتاون، هەروەها ژمارەیەک دار تینی گەرمای ئاگرەکەیان پێگەیشتووە و کاریگەری لەسەر گەشەیان دەبێت”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10.7.2024، سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ژینگەی هەڵەبجە بە 964ی وت، “پاش ئاگادارکردنەوەمان لە سەرپێچییەکە لەلایەن دانیشتووانی گەڕەکەکەوە، دەرکەوت ئەوانەی سووتان داری سەر شەقامن و لەلایەن خەڵکی گەڕەکەکەوە چێندراون و خزمەتکراون”.

“دەستبەجێ پەیوەندی بە کۆمپانیای ناوبراوەوە کراوە و ئاگادارکرانەوە کە پێویستە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ قەرەبوکردنەوەی درەختە سووتاوەکان لە ماوەی 10 رۆژدا، بە پێچەوانەوە رێکاری ئیداری و یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر”، دەربارەی رێکارەکان بەڕێوەبەری ژینگەی هەڵەبجەی روونی کردوە.

هەر کەسێک سەرپێچی بکات کە کارمەندی کۆمپانیا بێت، سەرپێچییەکە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکە، بە گوێرەی یاسای ژمارە هەشتی پاراستن و چاککردنی ژینگە، دەبێت قەرەبووی زیانی دارە سووتاوەکە بکاتەوە بە هێنانی داری نوێ، یان ئەوەیە ژینگە دەتوانێ سکاڵا بکات و داوای سزادانی پێ بژاردنیش بکات”.

بەڕێوەبەری ژینگەی هەڵەبجە ئەوەشی وت، “فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە ھەڵوێستی جدی دەگرێتەبەر بۆ ھەر کەس و لایەنێک زیان بە ژینگە و سروشتی پارێزگاکەمان بگەیەنن. داواکارین لە ھاوشاریانی خۆشەویست لە بوونی ھەر سەرپێچیەکی ژینگەیی ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەی ژینگەی پارێزگاکەمان بپارێزین”.

دیمەنی پاشماوەی دارە سووتاوەکان؛