چەند تۆن بەرهەمهاتووە؟

گێلاسی دهۆک پێگەیشت و بەتامە شیرینەکەی بەناوبانگە

+964

هیڤی دێوالی-دهۆک

بەرهەمی گێلاسی دهۆک  پێگەیشتووە و بەتامە شیرینەکەی لە بازاڕی دهۆکدا بەناوبانگە، کشتۆکاڵی گشتیی دهۆکیش دەڵێت، ساڵ بە ساڵ جوتیاران زیاتر بەرهەمەکە دەچێنن.

بەرهەمی خوماڵیی گێلاس، دوو جۆری لە سنوورەکەدا هەیە بە رەنگی “سوور، زەرد”و زیاتر رەنگە سوورەکە بەرهەم دێت و تامەکەی شیرینە، ساڵانە هەزار و 500 تۆن گێلاس لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرهەم دێت.

بەپێی سوراغێکی 964ـى “لە عەلوەی دهۆک ئەمساڵ بەرهەمی خوماڵی کەمترە لە چاو ساڵانی رابردوو، بەڵام رۆژانە نزیکەی 10 تۆن گێلاسی خوماڵی بەسەر بازاڕی دهۆکدا دابەش دەکرێت، نرخی یەک کیلۆشی 2500 دینارە ، گێلاسی هاوردەکراویش کیلۆی بە 3500 دینارە، بەڵام لە بازاڕدا نرخەکان جیاوازتر و گرانترە”.

موسڵح حەسەن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـى وت، لە سنووری پارێزگای دهۆک 750 دۆنم بەرهەمی داری گێلاسی خوماڵی هەیە، بە تایبەت لە دەڤەری بەرواری بالا و دۆسکیان و مزوریان و دەوروبەری دهۆک، جوتیاران چاندوویانە و لە زیادبووندایە.

وتیشی، “بە گشتی پێشبینیی دەکرێت ساڵانە هەزار و 500 تۆن گێلاس لە پارێزگای دهۆک بەرهەم بهێنرێت، هەروەها تادێت دار گێلاس لەلایەن جوتیارانەوە زیاتر دەچێنرێت” .

964 بە پێی ئەو زانیارییانەی لە كشتوكاڵی دهۆك وەریگرتووە، دەزانێت ساڵی رابردوو زیاتر لە 700 تۆن گێلاسی خوماڵی بەرهەمهێنراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

 نرخى گێلاس و قۆخ و قەیسى بەرز بووەوە

 نرخى گێلاس و قۆخ و قەیسى بەرز بووەوە