لە سلێمانى قەیرانى گۆشت سەرهەڵدەدات؟

کوشتارگەى سلێمانى داخرا

964+

رێژوان مامە قادر- سلێمانى

قەسابەکانى کوشتارگەى سلێمانى ئەمڕۆ کوشتاریان ئەنجام نەداو سەربڕخانەکە داخرا، هۆکارەکەشى ئەوەیە کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەت بڕى دوو هەزار دینار بۆ هەر ئاژەڵێک وەردەگرێت کە لەو کوشتارگەیە سەردەبڕدرێت.

دکتۆر. تارق عەلى، پزیشکى ڤێتنەرى لە کوشتارگەی سلێمانی بە 964ـى وت، هۆکارى داخستنى کوشتارگەى سلێمانى قەسابەکانن، چونکە ئەمڕۆ کوشتاریان نەبووە و ناڕازین.

ئاشکراى کرد، کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەت کە مۆڵەتى حکومەت و وەزارەتى تەندروستى هەیە، بۆ هەر ئاژەڵێک کە لەسەربڕخانەکە سەردەبڕدرێت خوێنەکەى وەک سامپڵ وەردەگرێت و پشکنینى بۆ دەکات و لەبەرامبەر ئەو کارەش بڕى دوو هەزار دینار لە قەسابەکان وەردەگرێت.

“وەرگرتنى ئەو دوو هەزار دینارە لەلایەن کۆمپانیاکەوە ناڕەزایەتى قەسابەکانى لێکەوتووەتەوە و ئامادەنین ئەو پارەیە بدەن، بۆیە کوشتاریان راگرتووە و ئەمڕۆ هیچ ئاژەڵێکیان سەرنەبڕیوە”، تارق عەلى واى وت.

ئەو پزیشکە باسى کرد، لەڕووى زانستى و پزیشکییەوە دەبێت پشکنین بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت، چونکە پشکنینەکە بۆ ئەوەیە بزانرێت ئەو ئاژەڵە دەرزى لێدراوە یان نا، هەندێ دەرزى هەیە تا دواى سێ هەفتە وا دەکات گۆشتى ئاژەڵەکە شیاو نەبێت بۆ خواردن.

بەبۆچونى تارق عەلى، ئەمڕۆ کوشتارگەکە داخراوە و سبەینێش دادەخرێت، بەڵام دەبێت بەزویى چارەسەر بکرێت، چونکە قەیرانى گۆشت لە سلێمانى دروست دەبێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

یەکەم رۆژی جەژن کوشتارگەی سلێمانی 655 سەر ئاژەڵی قوربان...

یەکەم رۆژی جەژن کوشتارگەی سلێمانی 655 سەر ئاژەڵی قوربانی سەربڕیوە