بەهۆی بومەلەرزەوە تێکچوو

حەوت ساڵە هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی دەربەندیخان چاک نەکراوە

964+

توانا نەقی

زیاتر لە حەوت ساڵە بەهۆی بومەلەرزەوە هۆڵی نەشتەرگەری دەربەندیخان و نەخۆشخانەی ئەو قەزایە زیانی زۆری بەرکەوتووە و تا ئێستا چاک نەکراوەتەوە، ئەوەش گرفتی بۆ هاوڵاتیان و کەرتی تەندروستی دروستکردووە.

ساڵی 2017 لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم بومەلەرزیەکی بەهێز روویدا، ئەو بومەلەرزەیە کاریگەری زۆری هەبوو لە سەر نەخۆشخانەی دەربەندیخان و بەتایبەت هۆڵی نەشتەرگەرییەکەی بە تەواوی تێکدا.

سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، حەوت ساڵە بەهۆی نەبوونی پارە و نەبردنە سەری بەڵێنی ئەو کۆمپانیایەی کە دەبوو هۆڵی نەشتەرگەریەکە چاک بکاتەوە نەشتەرگەری نەکراوە لە نەخۆشخانەکە.

وتیشی، تەنیا هۆڵەکە پێویستی بە 200 ملیۆن دینارە ئەگەریش بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانە چاک بکرێتەوە ئەوا نزیکەی 600 ملیۆن دیناری دەوێت.

تەنیا هۆڵی نەشتەرگەری نییە کە پەکی کەوتووە، شوێنی مانەوەی پزیشکان کە هەیکەلێکە و مەترسی رووخانی لەسەرە، هەرەوەها نەخۆشخانەی شەهید حەمید لە دەربەندیخان بەتەواوی وەستاون و لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت باسی سەرجەم ئەو گرفتانەمان کردووە لە کەرتی تەندروستی هەیە لە قەزاکە، سلێمان محەمەد وای وت.

قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا جیهازیان بۆ هۆڵی نەشتەرگەرییەکە ئامادەیە و لە سلێمانییە بەڵام ئەوان ئامادەنین وەری بگرن چونکە دەىێت کامل بێت و سیستمی ئۆکسجینیش دابنرێت، هەروەها کاتێک وەری دەگرن کە بزانن پارە خەرج دەکرێت بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار.

کێشە تەندروستییەکانی دەربەندیخان هەر چارەسەر نەبووە

کێشە تەندروستییەکانی دەربەندیخان هەر چارەسەر نەبووە