گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک

سبەینێ بۆ ئێران چارەنوسساز دەبێت

964+

ژووری هەواڵ

هەینی رابردوو کاتژمێری ئێرانییەکان زۆر لەسەرخۆ تێدەپەڕی، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە نزیک بوو لەوەی ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت بۆ زۆرترین کاتژمێرەکانی دەنگدان، دوای دووجار درێژکردنەوە، ماوەی دەنگدان 16 کاتژمێری تەواوی خایاند.

دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران لە رۆژی 28ی حوزەیران لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە دەستی پێکردوو تا 12ی شەو درێژکرایەوە، ترسی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەوە بوو کە خەڵک بەشداری نەکەن، سەرەنجامەکەش هەر واکەوتەوە.

بەنزیکەیی 37 ملیۆن ئێرانی کە مافی دەنگدانیان هەبوو هیچ کام لە چوار کاندیدەکەیان پەسەند نەکردو دەنگیان نەدا، لە باشترین حاڵەتدا رێژەی بەشداری گەیشتە 40%، کار گەیشتە ئەوەی محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران بڵێت: بایکۆتکردنی خەڵک بەو رێژە زۆرە کە گەیشتە 60% لە مێژووی ئێراندا هاوشێوەی نەبووە، مانای ئەوەیە خەڵک زۆر توڕەن.

لە مێژووی ئێراندا دوو هەڵبژاردن زۆرترین ئاستی بەشدارییان تێدا تۆمارکراوە، ساڵی 1997 کاتێک محەمەد خاتەمی کاندیدی ریفۆرمخوازەکان بردیەوە رێژەی بەشداری گەیشتە 80%، کاتێکیش مەحمود ئەحمەدی نەژاد بۆ دووەمجار بووەوە سەرۆک لە ساڵی 2009 رێژەی بەشداری خۆیدا لە 85%.

هەڵبژاردنەکەی ئێران لە دۆخێکدایە کە پێشتر لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کەم رەنگ بووە، ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنە لەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی بزوتنە ناڕازییە بەرفراوانەکەی ئەو وڵاتە.

هێشتا سەدای (ژن، ژیان، ئازادی) و دەنگی ناڕەزایەتییەکان لە گوێی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەدا دەزرنگێتەوە کە رۆژی هەینی 5ی تەمموز وڵاتەکە دەچێتە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە، بۆ شوێنگرتنەوەی سەرۆک بە کۆپتەر فەوتاوەکە.

لەگەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان هیچ کام لە چوار کاندیدە سەرەکییە دەنگی پەنجا کۆ یەکیان بەدەست نەهێنا، بۆیە گەڕێکی تری ململانێ لەنێوان دوو یەکەمەکەدا بەڕێوە دەچێت.

ئەو گەڕەیان مەسعود پزیشکیانی کاندیدی باڵی ریفۆرمخوازەکان براوەی یەکەم بوو، 42.6%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەدوای ئەودا سەعید جەلیلی کاندیدی نەریتخوازەکان هات کە 38.8%ی دەنگەکانی برد.

لە دوا رووبەرووبوونەوەی تەلەفزیۆنیدا کە رۆژی دوو شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، هەردوو کاندیدەکە کارتەکانی دەستی خۆیان ئاشکرا کرد، پزیشکیان وتی بەشدارینەکردنی خەڵک مانای ئەوەیە خەڵک لێمان ناڕازین، لەگەڵ ئەوەم ئاستی نوێنەرایەتی ژنان و کەمە نەتەوەکان بەرز بکرێتەوەو زیاتر بەرووی وڵاتانی رۆژئاوادا بکرێینەوە، بەڵام جەلیلی دژی وەستایەوەو وتی نابێت بە هیچ شێوەیەک لە وڵاتانی رۆژئاوا نزیک ببینەوە.

لەسەر کاغەز چانسی دوو کاندیدەکە نزیکە لەیەک، جەلیلی پشتی بەوە بەستووە دەنگەکانی قالیباف و پوور محەمەدی بۆ بچێت، ئەو دوو کاندیدە نەریتخوازەی سێیەم و چوارەم بوون، پزیشکیانیش چاوی لەوەیە رێژەی بەشداری خەڵک زیاد بکات و دەنگەکان بۆ ئەو بن.

ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیبراهیم رەئیسیدا بە هێزی بازوو مامەڵەی لەگەڵ دەرودراوسێکانی دەکرد، بۆردومانی ماڵی شێخ باز بەرزنجی و ماڵی پێشڕەو دزەیی لەهەولێرو گورزی چەند جارەی بۆ سەر بارەگای حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات و جرت و فرتی درۆن و موشەکەکانی، دەست و دیارییەکەی بوون بۆ دراوسێ بێوەیەکەی، ئاخۆ ئەو سەرۆکەی لە هەڵبژاردنەکەی ئەم هەینییە دەیباتەوە ئەزموونەکەی رەئیسی دووبارە دەکاتەوە یان قسەیەکی تری دەبێت.

ئەنجامەکە هەرچییەک بێت دەسەڵاتەکانی سەرۆک دیاریکراون، چونکە دواجار سەرۆکی ئەو وڵاتە دەبێتە جێبەجێکاری ئەو هێڵە گشتیانەی رابەر دایدەڕێژێت، کورد وتەنیش ئەگەر بەتەمای دراوسێ بیت بێشێو سەردەنێیتەوە.

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ئێران دوو کاتژمێرى ...

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ئێران دوو کاتژمێرى دیکە درێژکرایەوە