شارەوانی: دوكانی مۆدێرن دروست دەكرێت

مۆڵەتی 48 کاتژمێر بە دوكاندارەكانی بازاڕی شۆرجە درا

964+
كاروان ساڵحی – كەركوك

موڵەتی چۆڵكردنی 48 كاتژمێر بە ژمارەیەك دوكانی بازاڕی شۆرجەی كەركوك دراوە، كە دەكەوێتە نزیك پەیكەرەكەی مامە ریشە و دەوترێت بەمەبەستی ئەنجام دانی پرۆژەی وەبەرهێنان دوكانەكان تێكدەدرێن.

ماوەی دوو رۆژە لە لایەن وەبەرهێنەرێكی عەرەبەوە مۆڵەتی 48 كاتژمێر بە ژمارەیەك دوكان لە بازاڕی گەڕەكی شۆرجە دراوە، كە یەكێكیان چایخانە بەناوبانگەی مام مەجیدە، دوكاندارەكان دەڵێن زیاتر لە 40 ساڵە لەو دوكانانە كار دەكەن، شارەوانیی كەركوكیش بە 964ی وت، “موڵكی خۆیانە و پڕۆژەی لەسەر دروست دەكەن” .

سیروان حوسێن شاڵی، دوكاندار لە بازاڕەكە بە 964ـی وت، “لە ساڵی 1981ـەوە ئێمە لەو دوكانانەین و كرێ دەدەینە حكومەت، مانگی ئایار رۆیشتم پارەی ساڵانە بدەم، لێیان وەرنەگریت و پێیان وتین گرێبەستەكانتان نوێناكرێـتەوە”.

وتیشی، “كەسانێك هاتوون هیچ بەڵگەیەكی فەرمییان پێ نییە و لەسەر دوكانەكان دەنووسن دەبێت لە ماوەی 48 كاتژمێر چۆڵ بكرێت، ئەو كەسانە بە نیوەڕۆ هاتوون كاتێك بازار چۆڵە و دوكانەكان داخراوە”.
ئاماژە بەوەش دەكات، كۆی گشتی ئەو شوێنانەی داوای چۆڵكردنیان كراوە، 11 دوكان و چایخانەیەك و گەراجێكن.

“مەسەلەكە نەتەوەییە”
ئەدهەم جومعە چالاكوان و دانیشتووی گەڕەكی شۆرجەیە و بە دیوێكی دیكە بابەتەكە سەیر دەكات و بە 964ـی وت، ئەم شوێنە رەمزی كوردایەتییە لە كەركوك، پەیكەری مامە ریشە و پەیكەری شەهیدانی شۆرجەی لێیە، كە لە ساڵی 1991 عەلی حەسەن مەجیدی سەركردەی بەعس لەسێدارەیدان.

شارەوانی چی دەڵێت؟
ئەحمەد عومەر زەنگەنە بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك بە 964ـی وت، “زەوییەكە موڵكی شارەوانییە و نزیكەی سەدەیەك دەبێـت ئەو دوكانانە دروستكراون، بیناكەی مەترسی رووخانی لەسەرە، بۆیە بڕیارمان دا بە شێوەی (موساتەحە) بدرێت بە وەبەرهێنەر، ژمارەیەك دوكانی مۆدێرنی لێ دروست دەكرێت و پاشان هەر ئەو دوكاندارانە دەتوانن بە كرێ بیگرنەوە”.
هەروەها دەڵێت، “پێشوەختە دوكاندارەكانمان ئاگاداركردووەتەوە كە دەبێت چۆڵی بكەن”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

تۆمەتبارانى سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر دهۆک و کەرکوک...

تۆمەتبارانى سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر دهۆک و کەرکوک ئاشکرا کران