حاسڵاتی کوردستان

تورکیا بە دوای ئاڵا سووتاوەکەیدا دەچێت و پەکەکەش دەڵێت چەکی کیمیایی بەکارهاتووە

964+

ژووری هەواڵ

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێن: تەنیا لە ماوەی مانگی حوزەیراندا سوپای تورکیا 129 جار چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراوی دژی گەریلاکانیان بەکارهێناوە، ئەم چەکانەش لە هەموو ئەو هەرێمە جیاوازانە بەکارهاتووە کە پەکەکە بەرخودانی تێدا دەکات.

رێکخراوی هەنگاو دەڵێت: لە ماوەی مانگی حوزەیرانی 2024دا لانی کەم 10 کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار کراون کە 90٪ لە سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قوربانی بوون.

وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت: دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر سووتاندنی ئاڵای تورکیا لە دەوروبەری حەلەب، دەشڵێت ئەمە سووکایەتییە بە ئاڵای وڵاتەکە و قبوڵی ناکەن، ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە لە سوریا و خۆرئاوای کوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی سوپای تورکیا بەڕێوەچوو.

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند: بە تەواوی پشتگیری جموجۆڵەکانی باکووری سوریا و خۆرئاوای کوردستان دەکەن دژی سوپای تورکیا و دەڵێت پشتیوانیی خۆڕاگری و راپەڕینی خەڵکی سوریا دەکەین و ئامانجەکەیان رەوایە.

هەفتەیەکە لە باکووری کوردستان چەند دەستەیەک دەستیان کردووە بە ئێشکگرتن لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ، چالاکییەکان دەم پارتی بەڕێوەی دەبات و ئەمڕۆ گرووپی چوارەم لە وان و ناوچەکانی ناوەندی وان ئێشکگرییەکەیان وەرگرت.

ناوەندی بەڕێوەبردنی حیزبی دیموکراتی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە لە بارەی بەرزی رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا و دەڵێت: سەرکەوتنی بایکۆت ریفۆرمێکی دیکەیە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

"ئەگەر پزیشکیان توانى بایکۆتکاران بهێنێتە سەر سندوقى دەنگدان براوەى هەڵبژاردنەکە دەبێت"