کێ مۆڵەتی داوە؟

دەرهێنانی بەرد لە چیای باواجی ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە

+964

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

خەریکە ژینگەی ناوچەی چیای باواجی و فەقێیان و دەوروبەری بەنداوی حەمامۆک و تۆپزاوا، بەهۆی هەبوونی کانی بەرد لەو ناوچانە بە تەواوی تێکدەچن و قایمقامی کۆیەش دەڵێت ئەو کەسانە مۆڵەتییان هەیە ئەو كارە دەكەن.

ماوەی چەند ساڵێکە دەرهێنانی بەرد لەو ناوچانە زیادی کردووە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو بەردانە، بە دەقاق و ئامێری گەورە و تەقاندنەوەی ئەو شوێنانە، چەندین مەتر زەوییەکە قوڵ دەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی شێواندن و لەناوچونی سروشتی ناوچەکە.

تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە، بە 964ی وت: “ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن مۆڵەتییان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە و ئێمە مۆڵەتمان پێنەداون، بۆیە ناتوانین رێگرییان لێبکەین ئەو کارە بکەن، بەڵام ئەگەر پابەندی رێنماییەکان  نەبوون، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

بەشێک لە چالاکوانان و یاساناسانی ناوچەکەش، ئەو کارە وەک تێکدانی سروشت دەبینن و پێیان وایە کانی بەرد چەند مەرجێکی هەیە بۆ کارکردن، بەڵام لە چیای باواجی زۆرینەی مەرجەکان پشتگوێخراون.

دەریا محەمەد، یاساناس و مامۆستای زانکۆ، قسەی بۆ 964کرد و وتی، لە رووی یاساییەوە هەر شوێنێکی کانەبەرد لە نزیک بەنداو بێت، یان ببێتە هۆی گۆڕینی رەگەزی شوێنەکە، نابێت مۆڵەتی پێبدرێت.

روونیشیکردەوە، “ئێمە نازانین چۆن مۆڵەتییان وەرگرتووە، بەڵام وادیارە کەسانی دەستڕۆیشتوون و توانیویانە مۆڵەت بۆ ئەو کارە وەربگرن”.

964 دەزانێت زۆربەی ئەو شوێنانەی تێکدراون و بەردیان لێدەرهێنراوە، کەمتر لە کیلۆمەترێک لە بەنداوی حەمامۆکەوە نزیکن، ئەمەش جگە لە شێواندنی شوێنەکە کاریگەری خراپ لەسەر بەنداوەکەش جێدەهێڵیت”.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

جوتیارانی کۆیە گەنمەکانیان لەسەر جادە روو کردووە

جوتیارانی کۆیە گەنمەکانیان لەسەر جادە روو کردووە