52 گوند ئاگادارکراونەتەوە

كشتوكاڵ بە ئاوی پیس و لە ناو ماستەرپلانی هەولێردا قەدەغە كرا

+964

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لەمەودوا رێگەنادرێت بە ئاوی پیس بەرهەمە كشتوكاڵییەكان ئاو بدرێن، بە تایبەت بەرهەمی گەنمەشامی لە سنووری دەشتی هەولێر، هەروەها زەوییەكانی ناو ماستەرپلانیش نابێت كشتوكاڵیان تێدا بكرێت.

ئەمڕۆ دووشەمە 1.7.2024 قایمقامی هەولێر نەبەز عەبدولحەمید بۆ 964 وتی، “بە تەواوی رێگریی دەكەین لە هەموو ئەو زەوییانەی پێشتر قەرەبوویان وەرگرتووە و كەوتوونەتە ناو ماستەرپلانی شەقامی 150مەتری و قایمقامیەتەوە، چاندنی لێ ئەنجام بدرێت، هەموو ئەو زەوییانەش بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن لەمەودوا رێگەیان پێنادرێت.

وتیشی، “لە ئەگەری پابەند نەبووین ئەو خاوەن زەوییانە رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەبنەوە”.

هەر لەم بارەیەوە عەبدولباست جەلال موختاری گوندی سەردار بۆ 964 وتی،  هەموو موختارەكانی سنوورەكە، كە 52 گوندن و كەوتووەنەتە ناو ماستەرپلانەوە، لەلایەن قایمقامیەتی هەولێرەوە ئاگادار كرانەوە هەركەسێك كشتوكاڵ بكات لە ناو ماستەرپلان و هەركەسێك گەنمەشامی بچێنێت و بە ئاوی پیس ئاوی بدات، رووبەرووی رێكاری یاسایی دەبێتەوە.

وتیشی، “پێیان وتووین بە شۆفڵ شوێنی كشتوكاڵەكەتان تێك دەدرێت”.

موختاری گوندی سەردار دەڵێت، “پێشتر لە ساڵی 2010 هەموو خاوەن زەوییەكان قەرەبوویان وەرگرتووە، كەچی ئێستاش لە كشتوكاڵكردن بەردەوامن”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

قایمقامیەتی قەزای قوشتەپە 13 هەلی کاری راگەیاند

قایمقامیەتی قەزای قوشتەپە 13 هەلی کاری راگەیاند