خواردنە زیادەکەی عێراق سفرەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێم قەرەباڵغ ناکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
خاوەن پێداویستە تایبەتەکانی عێراق بەشە خۆراکی مانگانەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ زیاد دەکرێت، بەڵام بە قسەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بێت هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بەپێی بڕیارەکەی حکموەتی عێراق بێت، لیترێک زەیت و یەک کیلۆ شەکر و کیلۆیەک ئاردی سفر و 200 گرام چا و 200 گرام شیر بۆ هەر تاکێکی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاد کراوە.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم بە 964+ـی راگەیاند: ئەو بڕیارە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێم ناگرێتەوە و لێی سوودمەند نابن.
بە پێی ئاماری کۆمەڵەی کەمئەندامانی کوردستان، نزیکەی 120 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن. ئامارەکە لە عێراق چوار ملیۆنە.
ئاریان ئەحمەد دەشڵێت، چەند جارێک هەماهەنگیمان لەگەڵ بەغدا و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی ناوەند کردووە “بەڵێن دەدەن، بەڵام کە هاتە سەر جێبەجێکردن پاشگەز دەبنەوە”.