"زیاتر لە شەش تۆن زێڕ بردراوەتە ئێران"

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ هەواڵی ئاژانسێکی ئێرانی “بە ناڕاست” وەسفدەکات

964+

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ، “بێ دوودڵی هەواڵی ئەوە رەتدەکاتەوە، کە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، 6.6 تۆن زێڕ لە دەروازەی باشماخەوە هەناردەی وڵاتی ئێران کرابێت”، بە 964یشی وت، “ئەو کارە قەدەغەیە، هەشبێ رێوشوێنی خۆی هەیە و لە باشماخەوە نەکراوە”.

ئاژانسی دەنگوباسی کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراو بە “ئێرنا”، رۆژی 30.6.2024 لە هەواڵێکدا دەڵێت، “باشماخی مه‌ریوان دووه‌مین سنووری هاوردەکردنی زێڕه له وڵاتدا”، هەر ئەوەندەش نا، نوسیوویەتی، “سه‌رپه‌رشتیاری گومرگی پارێزگای کوردستان، پێی راگەیاندوون لە چارەکی یەکەمی ساڵی”1403″ی هەتاوی بەرانبەر “2024”ی زاینی، 6.6 تۆن شریتی زێڕ لە دەروازەکەوە چووەتە ناو وڵاتەکەیانەوە”.

ئاژانسەکە: بەهای زێڕەکە 476 ملیۆن دۆلار بووە

ئاژانسەکە دەڵێت، “لە سەدا 5.6ی هاوردەکردنی ئەو کاڵا گرانبەهایە لە رێگەی سنووری فەرمی باشماخەوە ئەنجام دراوە”، سەرپەرشتیاری گومرگی کوردستان ئەوەشی وتووە، “بەهای ئەو بڕە پارەی کە لە هاوردەکردنەکەدا بۆ وڵاتەکە خەرجکراوە 476 ملیۆن دۆلار بووە”.

رۆژی 31.8.2020 حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە قەدەغەی هاوردەی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە، هەمان حکومەت کۆتایی ساڵی 2023، ژمارەیەک رێنمایی نوێى بۆ هاوردەکردنى زێڕ دەرکرد، “کە دەبێت کۆمپانیاى هاوردەکار بە فەرمى تۆمارکرابێت و ئەو زێڕەى هاوردە دەکرێت لە رێگەى گواستنەوەى ئاسمانی بێت”.

ئەمڕۆ دووشەممە 1.7.2024، شاخەوان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ لە وەڵامی ئەوەی ئەو زێرە هی کوێ بووە هەناردە کراوە؟ ئەو بە 964ی وت، “هەواڵی هەناردەی زێڕ لە باشماخەوە ناڕاستە و ئەو کارە قەدەغەیە، زێڕ بەهایەکی گرانی هەیە و ئاسان نییە لە دەروازەی وشکانی مامەڵەی پێوە بکرێ”.

گومرگ: کارگۆی فڕۆکەخانەکان زێر دەگوازنەوە نەک دەروازەی وشکانی

ئەو بەڕێوەبەرە وتی، “هاوردە و هەناردەی زێڕ، خیتاب زەمان و ئسوڵی خۆی هەیە، ئەوەندە ئاسان نییە تا لە باشماخەوە هاوردەی ئێران کرابێت، ئەوە تەنیا ئەرکی کارگۆی فڕۆکەخانەکانە، نەک دەروازەی سنوورییە وشکانییەکان، بەڵکو لە باشخامەوە کەرەستەی ئاسن و کاڵا ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێ”.

قسەکانی ئەو بەرپرسەی دەروازەی باشماخ لە کاتێکدایە، “بۆ رێگری لە هاوردەکردنی زێڕی بێ کواڵێتی، حکومەتى عێراق بڕیاریداوە ئامێرى پشکنینى زێڕ لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، کەرکوک، بەسرە و نەجەف دابنێت”.

بە گوێرەى ئامارە فەرمییەکانی گومرگی عێراق، مانگانە 7.5 تۆن زێڕ هاوردەی عێراق دەکرێت، گومرگى یەک کیلۆ زێڕیش بە گوێرەى جۆرەکەى لە نێوان 100 بۆ 250 هەزار دینارە، هەروەها 50 هەزار دیناریش بۆ پشکنین لەلایەن کوالێتى کۆنتڕۆڵەوە وەردەگیرێت.

بە نیەتی دۆزینەوەی زێڕ کەسانی نەناسراو شوێنەوارێک هەڵ...

بە نیەتی دۆزینەوەی زێڕ کەسانی نەناسراو شوێنەوارێک هەڵدەکۆڵن

لە هەر 15 کیلۆ زێڕێک دوکاندارانی قەیسەری کیلۆیەک زێڕیان...

لە هەر 15 کیلۆ زێڕێک دوکاندارانی قەیسەری کیلۆیەک زێڕیان لەناودەچێت

لە دوو دەروازەی ئێران هەناردەکردن بۆ هەرێمی کوردستان ز...

لە دوو دەروازەی ئێران هەناردەکردن بۆ هەرێمی کوردستان زیادیکردووە