لە عێراق تەبەقێک هێلکە ناگاتە پێنج هەزار دینار

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە ئەمڕۆوە حکومەتی عێراق بەنرخی ھەرزان و پاڵپشتیکراو ھێلکە و مریشک و ئارد بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکات، وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، تەبەقێک هێلکە دەبێت بە چوار هەزار و 750 دینار.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە میدیای فەرمی حکومەتی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی کۆگاکانی ئامادەکردووە بۆ خستنە بازاڕی کەلوپەلە خۆراکییە سەرەکییەکان بە نرخی پاڵپشتیکرا و بۆ بریکارەکان.

دەشڵێت، لە رۆژی یەکشەممەوە تەبەقێک ھێلکە بە چوار ھەزار و 750 دینار و فەردەیەک ئارد بە 40 ھەزار دینار بۆ بریکارەکان دابین دەکات، نرخەکان بەو شێوەیە جێگیر دەبێت.

بریکارەکان دەتوانن بەو نرخە دیاریکراوە ھێلکە و ئارد لە کۆگاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکڕن، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی کەلوپەل و خۆراکە بە نرخێکی گونجاو بۆ ھاوڵاتیان.

بە وتەی محەمەد حەنون، بڕیارێک هەیە بۆ ئەوەی نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ نیوەی نرخی ئێستا دابەزێنرێت.

هەر تەبەقێک هێلکە 30 دانەی تێدایە، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەر تەبەقێکی بە شەش بۆ شەش هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت.