گرفتەكە بێ كارەباییە

نەخۆشخانەی پێست لە سلێمانی نەخۆش نابینێت و داخراوە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی دوو هەفتە دەبێت لە 10.6.2024 وە نۆرینگەی پزیشكی راوێژكاری شەهید جەبار شێخ فەتاح بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی پێست لەسلێمانی داخراوەو بەڕێوەبەری كارگێری نەخۆشخانەكەش دەڵێت “گرفتەكەمان مۆلیدەی نەخۆشخانەكەیەو لە ماوەی هەفتەیەكدا چارەسەری دەكەین”.

نۆرینگەی پزیشكی راوێژكاری شەهید جەباری حکومی تاكە سەنتەری پێستە لە سلێمانی و بە نەخۆشخانەی پێستەكەی خەبات ناسراوە.

ئومێد مستەفا، بەڕێوەبەری كارگێری نەخۆشخانەكە بە 964ـی وت “هەفتەیەك پێش جەژنی قوربان موەلیدەی نەخۆشخانەكە شكا و تەواوی كارەكانمان وەستان، ئەمە هۆكاری سەرەكی داخستنی نەخۆشخانەكەمان بوو، گرفتێكی دیكەمان ئەوەیە تائێستا كارەبای نیشتیمانی نەخۆشخانەكەش لەسەر هێڵێكی بەردەوام نییە، رۆژێك هەیە و رۆژێك نییە، لەسەر هێڵی ماڵانی گەڕەكی خەباتە و بەردەوام نییە، دوو رۆژ خۆمان گرت و بێ كارەبا دەواممان كرد، دواتر لەبەر گەرما نەمانتوانی بەردەوام بین”.

کارەبا، ئاوی ماڵانی لە دوزخورماتوو کردووە بە دوو هەفتە...

کارەبا، ئاوی ماڵانی لە دوزخورماتوو کردووە بە دوو هەفتە جارێک

ئەو بەرپرسە ئیدارییە وتیشی، رۆژانە نزیكەی 300 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەیان دەكەن، 15 پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەكە خزمەتی هاوڵاتیان دەكەن، ئەمەش لۆد و قەرەباڵغیەكی زۆر لەنەخۆشخانەكە دروست دەكات و پێویستی بەهەواگۆڕكێ هەیە و ئامێرەكانیشمان بێ كارەبا كار ناكەن.

باسی لەوەشكرد، هۆكاری درەنگ چارەسەركردنی گرفتەكە بونی پشووەكانی جەژن بوو، بەڵام دواجار بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی كارەبای رۆژهەڵاتی سلێمانی و بە دەستپێشخەری د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بڕیاردرا بە گواستنەوەی كارەبای نەخۆشخانەكە بۆسەر هێڵێكی بەردەوام و بڕی نۆ ملیۆن و دوو سەد هەزار دیناری بۆ تەرخانكراوە و لەماوەی هەفتەیەكدا كارەبا بۆ نەخۆشخانەكە دەگەڕێنینەوە.

“سەنتەرەكەی ئێمە وەكو نەخۆشخانەی كتوپڕ و (ئیمیرجنسی) نییە و نەخۆش گرفتی بۆ دروست بێت، لەبەرئەوەی لە چەند نۆرینگەیەكی دیكە پزیشكی پسپۆڕ دادەنیشێت، نە گرفتی دەرمان، نە پزیشك و نە خزمەتگوزاریمان هەیە، وە چارەسەرێكی بنەڕەتی كارەبای نەخۆشخانەكە دەكەین و جارێكی دیكە ئەو كێشەیە بۆ نەخۆشخانەكە دروست نابێتەوە” ئومێد مستەفا وای بە964 وت.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران