231 دۆنم جۆش سووتاوە

بەرگریی شارستانی هەولێر: ئەمساڵ 2282 دۆنم گەنم سووتاوە

964+

ژووری هەواڵ

بەهۆی رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو هەزار و 282 دۆنم زەوی چێندراو بە گەنم سووتاون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 23.6.2024، مقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی شارستانی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، جگە لەو بڕە گەنمە، 231 دۆنم زەویی دیکەی چێنراو بە جۆ سووتاون.

بەرگریی شارستانی هەولێر ژمارەیەک رێنمایی لە 10 خاڵدا بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاوڵاتییان دەکات پێوەی پابەند بن بەمەبەستی خۆپاراستن و رێگەنەدان بە کەوتنەوەی ئاگر لە وەرزی هاوین و زۆربوونی پوشوپەڵاش.

رێنماییەکان ئەمانەن:

1 – نابێت به هيچ شێوەیەک ئاگر لە پوشوپەڵاشی بەردەم ماڵ یان دەشتودەر و گۆڕستان و باخ و بێستانەکان بەربدەن، چونکە دەبێتە هۆی رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوە و زیان بە دەروبەر دەگەیەنێت.

2 – نابێت لهكاتى گەشت و سەيراندا ئاگر له دەشت و چيا و شوێنى گەشتكردندا بکەنەوە، کە قەبارەی ئاگرەکە گەورەبێت یان پاشماوەی ئاگر بەجێبهێڵن، چونکە بەهۆی باوە ئاگرەکە زیاتر بڵاودەبێتەوە.

3 – فڕێنەدانی جگەرە و بەجێنەهێشتنی پاشماوەی خەڵوزی نێرگەلە.

4 – بەکارنەهێنانی یاری ئاگرین لەکاتی سەیراندا، بەتایبەتی لەلایەن منداڵانەوە.

5 – نابێت بە چەکی ئاگرین لە دەشتەکاندا تەقە بکرێت.

6 – فڕێنەدانی بتڵی شوشە و دەبەی ئاو و پاشماوە، یان ماددەی سوتێنەری وەک گاز و بەنزین و نەوت، یان ئەو ماددانەی لە شێوەی جەلین و بۆ کردنەوەی ئاگر و گەشاندنەوەئ خەڵوز بەکاردەهێنرێن.

7 – شۆفێری دەڕاسە نابێت لەناو دەغڵوداندا دەڕاسەکەی چاک بکات، یان لەحیم و کۆسەرە بەکاربهێنێت، یان بە مەبەستی نان دروستکردن ئاگر بکاتەوە، بەڵکو دەبێت لە شوێنێکی دوور لە پوش و دەغڵودانەکەدا بێت و مەترسی نەبێت بۆ کردنەوەی ئاگر.

8 – نابێت ئەوانەی دەچنە نزیک چەم و رووبار و بەنداوەکان مەلە بکەن، یان رێگە بە منداڵەکانیان بدەن لەوێدا مەلە بکەن.

9 – پێویستە دایکان و باوکان لەکاتی گەشت و سەیراندا ئاگاداری ئەو منداڵانە بن کە خاوەن پێداویستی تایبەتن یان داون و ئۆتیزمن، بۆ دووربوونیان لە مەترسی کەوتنە ناو ئاو و خنکان.

10 – گرنگە گەشتیارانی بیانی و خوارووی عێراق ئاگاداری ئەو شوێنانە بن کە گەشتی بۆ دەکەن، بۆئەوەی توشی هەڵدێران لە شاخ یان خنکان لە ئاودا نەبن، چونکە ئاوی ناوچەکانی کوردستان ساردن و چەند مەلەوان بن ساردی ئاوەکە رەنگە ببێتە هۆی گرژبوونی ماسولکە و دەمار و ببێتە هۆی خنکانیان.

رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ خۆپاراستن لە ...

رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ خۆپاراستن لە ئاو و ئاگر