لە خانەقین بەنزین بەمجۆرەیە

بەنزینی سەر شەقامەکان فریادڕەس و بارگرانی خانەقینییەکانە 

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

لە خانەقین بەنزینت لە بەنزینخانە حکومییەکان دەستناکەوێت، ئەگەر کۆبۆنی بەنزینت نەبێت، لەگەڵ نەبوونی وێستگە بازرگانییەکان و هاتنی وەرزی هاوین ئەم کێشەیە گەورەتر دەردەکەوێت.

دیار ماجید هاوڵاتییەکی خانەقینییە و بە 964ی وت، “بۆ هەر هەشت رۆژێک تەنیا پەنجا لیتر وەردەگرین لە وێستگە حکومییەکان ئەوەشیان، تەنیا بە کۆبۆنە، ئەگەر سەفەرێکی دەرەوەی خانەقینم هەبێت دەبێت لە سەرجادە بەنزین بکڕم و لەوێ نرخەکان نزیکی دوو هێندە و نیوی وێستگەکانە”.

مەسرەفێکی دیکە بەسەر شانی خەڵکەوە

نێچیروان حەکیم، دانیشتوی گەڕەکی توڵەفروشە لە خانەقین لە کاتی کڕینی بەنزین بۆ مۆلیدەکەی ماڵەوەی بە پەیامنێری 964ی وت، “هاوین هات و کارەبا نەما، بۆ پڕکردنەوەی کاتژمێرەکانی نەبوونی کارەبا پێویستە لەسەر شەقام بەنزین بکڕین کە ئەوەش لە خۆیدا مەسرەفێکی ترە بەسەر شانی خەڵکەوە”.

بەنزینفرۆشی سەر شەقامەکان 550 دینار قازانج دەکەن

ئەمە وایکردووە هەلی قۆستنەوە بۆ بەنزین فرۆشە گەڕۆکەکانیش بهێنێتە ئاراوە، محەمەد حەیدەری بەنزین فرۆشێکی سەرجادەیە و بە 964ی وت، “بەنزین فرۆشەکان کۆبۆنی بەنزین لە شۆفێرەکان دەکڕن و بە ئۆتۆمبێلەکانیان چەند کاتژمێرێک لە نۆرەی بەنزین دەوەستن و لەوێ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 450 دینار وەردەگرن و لە جادەکاندا بە 1000دینار دەیفرۆشنەوە، لەو حاڵەتەدا 550 دینار قزانجی لێ دەکەن”.

لە خانەقین تاوەکو ساڵی 2021 ژمارەیەک بەنزینخانەی بازرگانی هەبوون، بەڵام داخران، ئەوەش بەهۆی فرۆشتنەوەی بەنزینەکانیان لە بازاڕی رەشدا و ناردنی بەرەو هەرێمی کوردستان، لەو کاتەدا بەنزین لەسەر جادەکان دەفرۆشرێت شانبەشانی بەنزینخانە حکومییەکان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا