دوو ژن و دوو پیاو
چوار حاجى لە بریندارانى رووداوەکە گیانیان لەدەست دا
964+
وریا فەتاح
بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوەیەکى تایبەت لە تەندروستى رومادى، چوار لە بریندارانى رووداوى وەرگەڕانى ئۆتۆمبێلەکەى حاجیانى هەرێم، گیانیان لەدەست دا.
رووداوەکە ئەمڕۆ لەسەر رێگاى رومادى روویدا و ئۆتۆمبێلێکى تایبەتی حاجیانى هەرێم، کە خەڵکى سلێمانین، لە کاتى گەرانەوەیان لە سعودیە، وەرگەڕا.
سەرچاوەیەک لە تەندروستى رومادى بە 964ـى وت، “چوار لە بریندارانى رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە، کە دوو ژن و دوو پیاون”.
سەرچاوەکە باسى لەوەش کرد، یەکێک لە بریندارەکان لە بەشى چاودێرى چڕە و چارەسەر وەردەگرێت و زەبر بەر سەرى کەوتووە.
ئەو ئۆتۆمبێلەى وەرگەڕاوە لە جۆرى تۆیۆتا لاندگرۆزەرە، بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964، ئۆتۆمبێلى تایبەتى حاجییەکان خۆیان بووە و سەرجەمیان خەڵکى سلێمانین و بە ڤیزاى گەشتیارى بەشداریى حەجى ئەمساڵیان کردووە.