حاسڵاتی کوردستان

بەهۆی گرانییەوە قوربانی لە قامیشلۆ سست بووە

+964

ژووری هەواڵ

رێکخراوی هەنگاو دەڵێت: سامان وەیسانی کە هاوکارێکی رێکخراوەکەیانە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ژیانی لە مەترسیدایە، دوای هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. ناچار کراوە هەرێمی کوردستان بە جێبهێڵێت، دوای ئەوەش لە تورکیا و پاشان یۆنان هەوڵی کوشتنی دراوە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بڵاویکردەوە: لە ماوەی رۆژانی 13 هەتا 17 ئەم مانگە لە ناوچە جیاجیاکانی قەندیل و دەوروبەری چەندین گورزیان لە سوپای تورکیا وەشاندووە، هەر لە تێکشکاندنی کامێرای حەرارییەوە تا لێدان لە سەنگەر و سەربازەکان.

لە قامیشلۆ خەڵکێکی زۆر مەیلیان هەیە قوربانی بکەن، بەڵام نرخی ئاژەڵ ئەوەندە گران بووە لە کڕین نایەت، شوێنی ئاژەڵفرۆشان لەم چوار رۆژەی جەژنی قورباندا تەواو چۆڵ و بازاڕەکەش سست بوو، ئاژەڵفرۆشان دەڵێن بابەتەکە لە دەست ئەواندا نییە و لەپڕ نرخی ئاژەڵ بەرزبووەتەوە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن: (حورا نیکبەخت) کە مامۆستای زانکۆ و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنانە، دەزگا ئەمنییەکانی تاران بەر لە هەفتەیەک بانگیان کردووە و لەو کاتەوە دەستبەسەرە، تۆمەتەکەی ئەوەیە گوایە پڕوپاگەندەی دژی حکومەت کردووە.

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکاران دەڵێن: دەستەیەک جەنگاوەریان لە ناوچەی پیشەسازی (توزلای) ئاگریان بەرداوە لە کارگەیەکی بەرهەمهێنەری پارچەی ئۆتۆمبێل و زیانی ملیۆنان لیرەیان پێگەیاندووە، دەشڵێت بەردەوام دەبن و لە هەموو شوێنێک چالاکی ئەنجام دەدەن.

گەنجێکی خەڵکی خۆرئاوای کوردستان کە لە زاخۆ لە کارگەیەکی چەو و لمدا کاردەکات، دوێنێ لە کاتی مەلەکردن لە رووباری خاپور خنکا، جەمال هەسن، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964 وت:
تیمەکانمان توانیان دوای یەک کاتژمێر تەرمەکەی بدۆزنه‌وه‌و ئێستا لە پزیشکی دادی زاخۆیە.