لە نەخۆشخانە بووە

بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دوایی کرد

964+

ژووری هەواڵ

هونەرمەند و شانۆکاری دیاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان، بەرزانی قالەی خەڵوز ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.

نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، ئەوەی بە 964 وت، ئەمڕۆ بەرزانی قالەی خەڵوز تووشی جەڵدەی دڵ بووە و بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە سلێمانی گواستراوەتەوە، بەڵام ئەمشەو بەیەکجاری دڵی لە لێدان کەوتووە.

لە بارەی کۆچی دوای هونەرمەندەکە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “بەم بۆنە خەمناکەوە، بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادە و هاوڕێ و دۆستانی کاک بەرزان رادەگەیەنین”.

ئاماژەی بەوەشکردووە،”کاک بەرزان وێڕای ئەوەی یەکێک بوو لە تێکۆشەر و پێشمەرگە دێرینەکان، هونەرمەند و میدیاکارێکی بە تواناو بە ئەزموونیش بوو”.

دەربارەی بەرزانی قالەی خەڵوز:

  • لەساڵی (1961) لەگەڕەكی (كانی ئاسكان)ـی شاری سلێمانی لەدایك بووە و لە بنەچەدا خەڵکی ناحیەی گاپیلۆنی ناوچەی شارباژێڕە، ئێستا تەمەنی (63) ساڵە.
  • دەرچووی ناوەندییە و وازی لەخوێندن ھێناوە و كاری لەگەڵ باوكیدا كردووە.
  • لەتەمەنی (18) ساڵی و لەساڵی (1979) بووە بە پێشمەرگە.
  • لەدوای راپەڕین بەشداری لەبەرنامەی (كەشكۆڵ)ـدا كردووە و دەورێكی كاریگەری ھەبووە لەناساندنی بەرنامەكە.
  • یەكێكە لەدامەزرێنەرانی كەناڵی (خاك) و ھەروەھا (بەرنامەی بەرنامە).
  • لەدوای وەستانی بەرنامەی بەرنامە لەساڵی (2010) چیتر لەشاشەكاندا دەرنەكەوتەوە، تا دەستپێکردنەوەی لە ساڵی (2024).
  • لەساڵی (1992) ھاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (ئاشتی)ـدا كردووە و باوكی دوو كوڕ و كچێكە ( ئەزمیرە) و (دارین و داریان). بەڵام داریانی کوڕی لە رووداوێکی هاتوچۆدا و لە تەمەنی 18 ساڵیدا کۆچی دوایکرد.
  • شەوی 18.6.2024 بەهۆی جەڵدەی دڵ هونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دوایکرد.