بەهۆى بۆردومانەوە

پێنجوێن لە دوێنێوە دەسووتێت

964+

کامیار کەمال –  پێنجوێن

بەهۆى بۆردومانەکانى دوێنێی سوپاى ئاسمانى تورکیا، لە دوێنێوە ئاگر لە شاخێکى سنوورى پێنجوێن کەوتووەتەوە و زیاتر لە 100 دۆنم سووتاوە.

موقەدەم عادل جەلال، بەرێوەبەری پۆلیسی دارستانی پێنجوێن بە 964ـى راگەیاند، دوێنێ دوای بۆردومانکردنی قەزای پێنجوێن هەردوو شاخی کانی میران و قەڵای کچێ لە پێنجوێن ئاگری گرتووە.

سنوورى پێنجوێنیش بۆردوومان کرا

سنوورى پێنجوێنیش بۆردوومان کرا

باسی لەوەش کرد، دوای چوار کاتژمێر توانیویانە ئاگری شاخی کانی میران کۆنترۆڵ بکەن و بیکوژێننەوە، بەڵام تا ئەمڕۆش ئاگری شاخی قەڵای کچێ نەتواندراوە کۆنترۆڵ بکرێت و تیمی پۆلیسی دارستانی ناحیەی گەرمک و خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.

ئاشکراى کرد، بەهۆى زۆریى پوش و پەڵاشى شاخەکە وایکردووە ئاگرەکە گەورە بێت و سەختى شوێنەکەش کۆنتڕۆڵکردنى قورس کردووە.

هاوکات رێبوار کەمال، سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە بە 964ـى وت،”دوێنێ لەگەڵ بانگی بەیانیدا توانیویانە ئاگری شاخی نزارە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام دواتر ئاگرەکە سەری هەڵداوەتەوە”.

بە وتەى رێبوار کەمال زیاتر لە 100 دۆنم دارستان و پوش و پاوەن سووتاوە.

دوێنێ هەریەک لە سنوورەکانى گوندى کانی میرانى کۆمارى و نزارەیان لە قەزاى پێنجوێن، دوو جار لەلایەن تورکیاوە بۆردومانکرا و بەهۆیەوە ئاگر لە پوش و پاوان و دارستانى سنوورەکە کەوتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لەمساڵدا تورکیا 833 جار هەرێمى کوردستانى بۆردوومان کردو...

لەمساڵدا تورکیا 833 جار هەرێمى کوردستانى بۆردوومان کردووە