بەرگریی شارستانیی هەرێم وادەڵێت

ئەگەر 10 خاڵ لەبەرچاو بگریت رێگری لە خنکان و ئاگرکەوتنەوە دەکەیت

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم 10 خاڵ سەبارەت بە رێگریکردن لە خنکان و ئاگرکەوتنەوە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، ئەگەر جێبەجێ بکرێن ئەو رووداوانە کەمدەبنەوە.

ئێستا کە وەرزی گەرمایە و هاوڵاتیان روو دەکەنە چەم و رووبارەکان و مەلە دەکەن، رووداوی نەخوازراوی خنکان روو دەدات، هەروەها بەهۆی بوونی پوشوپەڵاشەوە ئاگرکەوتنەوەیەکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دروست بووە.

رێنماییەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێم:

*نابێت به هيچ شێوەیەك ئاگر لە پووشوپەڵاشی پێش ماڵ ياخود له دەشتودەر و گۆڕستان و باخ و بێستانەكان بەر بدەن.

*نابێت له كاتى گەشت و سەيران ئاگر له دەشت و چيا و شوێنی گشتی بكرێتەوه، كه قەبارەى ئاگرەکە گەوره بێت يان پاشماوەى ئاگر بەجێ بھێڵن، چونكه بەھۆی “با”وە ئەو ئاگرە بڵاو ده‌بێتەوە.

*فڕێنەدانی جگەره و بەجێنەھێشتنی پاشماوەی خەڵوزى نێرگەلە.

*بەكارنەھێنانی ياريی ئاگرین له كاتى سەيران، به‌تايبەتى لە لایەن منداڵانه‌وه‌.

*نيشانە دانەنان و تەقەنەكردن به چەكى ئاگرین، به تايبەت له دەشتەکان.

*فڕێنەدانى بوتڵی شووشه و دەبەى ئەو پاشماوه ياخود ماده سووتێنەرەكان، وەک گاز و بەنزين و نەوت و ئەو ماده جەلییانەی بۆ گەشانەوەى خەڵووز “رەژوو” به‌كاردێت.

*شۆفێری دەڕاسە نابێت له ناو دەغل و پاوان دەڕاسەكەی چاك بكات يان لەحيم و كۆسەرە بەكار بھێنێت، ياخود ئاگر بكاتەوە به مەبەستى خواردن دروستكردن.

*نابێت ئەوانەی دەچنە نزیك چەم و رووبار و بەست و بەنداوەكان، مەلە بكەن يان رێگه‌ به منداڵەكانيان بدەن مەله بكەن.

*ئاگاداری ئەو منداڵانە بن كه خاوەنپێداویستیی تايبەتن، يان نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە؛ نزیك نەكەونەوه له ئاوی چەم و رووبارەكان.

*گەشتيارى بيانى و خوارووی عێراق دەبێت ئاگاداری ئەو شوێنانە بن گەشتى بۆ دەكەن، يان سەردانى دەكەن، تاكو تووشى ھەڵدێران و خنكان نەبن، چونكه ئاوی كوردستان سارده هەر چەنده مەلەوانيش بن، بە ھۆی ساردیی ئاوەکان، دەبێتە ھۆی گرژبوونی دەمار و خنكانيان.

هۆکاری سووتانی دارستان و پووش و پاوانەکانی کوردستان چی...

هۆکاری سووتانی دارستان و پووش و پاوانەکانی کوردستان چییە؟