"کوالێتی بەنزینەکەیان خراپ بووە"
لە کۆیە سزای پێ بژاردن و داخستن بۆ دوو بەنزینخانە دەرکرا
964+
ئەحمەد مستەفا
لە قەزای کۆیە دوو بەنزینخانە بە بڕی چوار ملیۆن و 300 هەزار دینار سزادران، قایمقامی کۆیە دەڵێت، “کوالێتی بەنزینەکەیان خراپ بووە”.
بەنزینخانەکان، وەک ئەوەی قایمقامیەتی کۆیە درکاندویانەتی ناویان “دیارکۆ و ئاریا” یە، دەکەونە سەنتەری قەزای کۆیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12.6.2024، تارق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964ی وت، “لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچوون و پشکنینەکانی لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەتی کۆیە، دوو بەنزینخانە ئاشکرا بووە کە بەنزینی کوالیتی خراپ بە شۆفێران دەفرۆشن”.
دوای ناردنی نمونەی بەنزین لە بەنزینخانەکانی ناوەندی شاری کۆیە، بۆ تاقیگەی ناوەندی لە هەولێر و گەڕانەوەی ئەنجامەکان بەهۆی خراپی کوالێتی بەنزینەکانیەوە، دوو بەنزینخانەیان بەپێ بژاردن سزادراون.
“سزادانی بەنزینخانەی دیارکۆ لەناو شاری کۆیە، بە بڕی 1600000 یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار دینار، هەروەها سزادانی بەنزین خانەی ئاریا لە ناو شاری کۆیە، بەبڕی 2700000 دوو ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینار”،
قایمقامی کۆیە ئەوەی درکاند، جیاواز لە سزای مادی، “بەنزیخانەی دیارکۆ دوو رۆژ، وە بەنزینخانەی ئاریا بۆ ماوەی 11 رۆژ دادەخرێن و نابێت بەنزین بفرۆشن لەو وادەیەدا”.