لە 55 دۆنم 50ی سووتاوە

هەواری شار سەلامەتە، بەڵام باخچە رووەکییەکە هیچی وای نەماوەتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

پارکی هەواری شار لە ئاگرە فراوان و گڕسەندووەکەی شەوی رابردوو، پارێزراو دەرچووە، “دار و درەختەکانی بەشە سەرەکییەکەی بە سەوزی ماونەتەوە” و کاریگەری رەشی ئاگریان لەسەر نییە.

بەڵام، باخچەی رووەکی سلێمانی کە بەشێکە لە پارکی هەواری شار “زیانی زۆری بەرکەوتووە و لە کۆی 55 دۆنم زەوی 50 دۆنمی ئاگری گرتووە و دارەکانی لە ناوچوون کە دارەکانی قەزوان، گۆیژ، بەڵاڵوک و داربەڕوو بوون”.

ئەمڕۆ سێشەممە 11.6.2024، فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە 964ی وت، “ئاگرەکەی درەنگانی شەوی رابردوو بە هاوکاری تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، کارمەند و فەرمانبەرانی ناو پارکی هەواری شار رێگە لە تەشەنەسەندنی گیراوە”.

ئاگرەکە بەهۆی بەتینییەوە، لە چواردەوری پارکی هەواری شار زیانی هەبووە، بەڵام پریشکی نەگەیشتووەتە ناو بەشی سەرەکیی پارکەکە و هیچ چیمەن و دار و درەخت و سەوزاییەکی پارکی سەرەکی هەواری شار ئاگری نەگرتووە، فەرەیدوون عومەر وتی، “هەمووکەس دڵنیا دەکەینەوە پارکی هەواری شار هەر بە سەوزی دەمێنێتەوە و پارێزراوە”.

ئەوەی زیاتر چاوی لەسەرە، ئەوە بوو کە بەهۆی ئەو ئاگرەی لە ئەنجامی دروستبوونی هەورەبروسکە لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی کەوتەوە، بەشێکی زۆری باخچەی رووەکی سلێمانی سووتا، کە لە ساڵی 2012 وە دروستکراوە و 55 دۆنمی بە داری رەسەنی کوردی بەڕوو و قەزوان و بەڵاڵوک داچێنراوە.

پرۆژەکە ئامانج لێی پاراستنی دارە رەسەنەکانی کوردستانە و یەکەمین و تاکە پرۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق، “بە گوێرەی سۆراغی 964 زۆربەی ئەو دارانەی وەک دۆکیۆمێنت و تاکە رووەک یان دەگمەن بوون و لەوێ پارێزراون، بە نزیکەی 50 دۆنمی پریشکی ئاگریان پێ گەیشتووە، ئەوانیش دارەکانی، قەزوان، گۆیژ، بەڵاڵوک و دار بەڕوو بووەن”.

پاركی هەواری شار، لەسەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی.

ئەو بەشە بە ئاگری شەوی رابردوو سووتا، لە دەرەوەی پارکەیەیە؛