نەفەری بە 500 دینارە

دوای 24 ساڵ هێڵی گواستنەوەی گشتی هاتەوە ناو پێنجوێن

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

لەناو خەڵک واباسە، “گەنجێک پاسێکی دابینکردووە وەک هێڵی ناوخۆیی پێنجوێن”، ئەوە بۆ یەکەمجارە پاس وەک هێڵی گواستنەوەی گشتی لە پێنجوێندا دەست بەکارببێت دوای 24ساڵ.

زانیار عەزیز گەنجێکی دانیشتووی قەزای پێنجوێنە، کە بۆ یەکەمجار پاسی هێناوەتە قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، “سەرەتا کە پاسەکەی کڕیوە هاوڕێیەکی پێشنیاری بۆ کردووە کە وەک هێڵی گواستنەوەی گشتی کاری پێبکات لە ناو پێنجوێندا، چونکە لە قەزاکەدا هیچ هێڵێکی گواستنەوەی گشتی تێدا نییە پێشنیارەکەشی بەلاوە پەسەند بووە”.

گواستنەوەی سلێمانی رەزامەند بووە

زانیاری پێ وایە، “لەبەر سیمای قەزای پێنجوێن کە هیچ پاسێکی تێدانیە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان و وەک گەنجێکیش دەیەوێت بیکاتە بژێوی ژیانی خۆی”،  لەبەرئەوە دەستی کردووە بە رێکارەکانی تاوەکوو بە فەرمی دەستبەکارببێت و بۆ ئەو مەبەستەش رەزامەندی لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی بەدەستهێناوە.

“پێنجوێن قەزایەکی بچووکە و بۆ ئەوەش نابێت کە ژمارەی پاسەکان زۆر ببێت و تەنیا سێ پاسی بەسە و لەگەڵ ئەوە کاریگەریشی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و بەشێک دەبێت لە پاک راگرتنی ژینگە” ئەمە بۆچوونی زانیارە.

سێ ناوچە بۆ هێڵی پاسەکە دیاریی کراوە

بڕیارە هێڵی پاسەکە لە نێوان (پێنجوێنی سەروو، پێنجوێنی خواروو و گەڕەکی راوگان) بێت، نرخی یەک نەفەریش 500 دینار دانراوە.

لە بارەی پڕۆژەکەی زانیار، زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن بە 964ی وت، “لە ساڵی 2000 کاندا دوو پاس لە پێنجوێندا هەبوون، کە خەڵکیان دەگواستەوە، بەڵام دواتر ئەوەش نەماوە و لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ هیچ هێڵێکی پاس لە پێنجوێندا نەبووە”.

“هەفتەی رابردوو گەنجێک داواکاری کردووە بۆ ئەوەی هێڵێکی پاسی بۆ دابینبکرێت تاوەکو لە ناو پێنجوێن دەستبەکارببێت و لە قایمقامییەتەوە هەموو کارەکانی بۆ تەواو کراوە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە کراوە و رەزامەند بوون، کە بەڕای ئێمە هێڵی گواستنەوەی گشتی هەم هەرزانە و هەمیش بێ خەمترە”، قایمقامی پێنجوێن وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

هەورەبروسکە  500 دۆنم دارستانی پێنجوێنی سووتاند

هەورەبروسکە  500 دۆنم دارستانی پێنجوێنی سووتاند

شەوی رابردوو 2.2 ملم باران لە پێنجوێن باریوە

شەوی رابردوو 2.2 ملم باران لە پێنجوێن باریوە