بەشە بەنزینەکەیان کەمکراوەتەوە
سەرەى بەنزین کەرکوکیشى گرتەوە
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
قەرەباڵغی و سەرەگرتن لە بەنزینخاناکانی کەرکوک دروست بووە و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیش دەڵێت،”کێشەکە کاتییە و بەڵێنی چارەسەر کردنی دراوە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9.6.224، جارێکی دیکە شۆفێران لە کەرکوک بۆ وەرگرتنى بەشە بەنزین دەستیان کردەوە بە سەرەگرتن و لە بەنزینخانەکانى ئەو شارەدا قەرەباڵغییەکى زۆر دروستبووە و بە درێژییەکى زۆرەوە ئۆتۆمبێلەکان بەدواى یەکتریدا وەستاون.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانى کەرکوک بە 964ـی وت، “پێشتر بەشە بەنزینی کەرکوک یەک ملیۆن و 650 هەزار لیتر بوو، بەڵام بە هۆی کێشەیەکى تەکنیکییەوە لە کۆمپانیای دابینکردنی بەنزین و سوتەمەنی بۆ پارێزگاکان ئەو بەشەی کەرکوک 450 هەزار لیتر کەمی کردوە”.
بە وتەى ئەو سەرچاوەیە، کەمردنەوەى بەشە بەنزینى کەرکوک بووەتە هۆى ئەوەى فشار لەسەر بەنزینخانەکان دروست ببیت و شۆفێران لە سەرەدا بووەستن.
سەرچاوەکەى کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانى کەرکوک ئاشکراى کرد، لەگەڵ وەزارەت قسەیان کردوە و بڕیارە لەم دوو رۆژە چارەسەر بکرێت و ئەو بەشەى کەمکراوەتەوە وەکخۆى لێبکرێتەوە.
تەنیا لە سنوورى ناوەندى پارێزگاى کەرکوک و قەزا و ناحیەکانى، 22 بەنزینخانەى حکومى بەنزین بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح