نەمامگەکە دەتوانێت قەرەبووی لە ناوچوونی دارستانەکان بکاتەوە

بەرنامەی خۆراکی جیهانی هاوکاریی نەمامگەی سەرچنار دەکات

964+

پێشەوا محەمەد

بەرنامەی خۆراکی جیهانی WFP لە راگەیەندراوێکدا هاوکاریی خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت نەمامگەی سەرچنار لە سلێمانی ئاشکرا کردووە و دەڵێت، ساڵانە ملیۆنێک و 500 هەزار نەمام لەو نەمامگەیە بەرهەمدێت.

رێکخراوەکە ئەمڕۆ شەممە 8.6.2024 بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە دوو دەیەیە یارمەتیی هەرێمی کوردستان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی نەمام.

ئاماژە بەوەش دراوە، نەمامگەی سەرچنار یەکێکە لە گەورەترین نەمامگەکانی هەرێمی کوردستان و کۆنترین نەمامگەکانی عێراق، “بەرنامەی خۆراکی جیهانی هاوکارە لە نۆژەنکردنەوەی ئەم نەمامگەیە بە مەبەستی پشتیوانی لە پاراستنی دارستان و سەوزایی لە هەرێمی کوردستان”.

زانیاریی رێکخراوەکە دەریدەخات، کوردستان لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی لەدەستداوە.

ئاشكراى كردووه‌، كه‌ زیادبوونى به‌رهه‌مى ئه‌م نه‌مامگه‌یه‌ ده‌توانێت قەرەبووی ئەو بڕە لەناوچووەى دارستانەکان بکاتەوە و ده‌شتوانێت دووبارە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بە دارستان بكاته‌وه‌.

“لە ساڵی 2023ـەوە هەوڵەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە بەرهەمهێنانی 250 هەزار نەمام بۆ یەک ملیۆن و نیو نەمام زیاد بکرێت”، لە راگەیەندراوەکەی رێکخراوەکەدا واهاتووە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، تا ساڵی 2040 عێراق پێویستی بە 233 ملیار دۆلار دەبێت لە وەبەرهێنان بۆ وەڵامدانەوەی بەپەلەترین پێداویستییەکانی گەشەپێدان لەگەڵ دەستپێکردنی گەشەسەندنی سەوزتر و هەمەلایەنەتردا.

پێنج نەمامگەی حکومی 700 هەزار نەمامیان بەرهەمهێناوە

پێنج نەمامگەی حکومی 700 هەزار نەمامیان بەرهەمهێناوە