"کارەبا بۆ هۆڵەکان دابین دەکەین"

وەزیری پەروەردە: لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا کەمترین کات ئینتەرنێت دەبڕین

964+

پێشەوا محەمەد

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کاتی تاقیکردنەوەی کۆتایی قۆناغی 12ـدا کەمترین کات ئینتەرنێت دەبڕن و کارەباش بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین دەکەن.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 8.6.2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێکارەکانیان بۆ رێگریکردن لە قۆپییە تووندوتۆڵ کردووەتەوە بۆیە کەمترین کات ئینتەرنێت دەبڕن.

وتیشی، “ناهێڵین بڕینی ئینتەرنێت کار بکاتە سەر کۆمپانیاکان و ژیانی هاوڵاتیان و فەرمانگەکانی حکومەت و رۆژانی تاقیکردنەوەکان بەیانیان لە کاتژمێر شەش تا هەشتی بەیانی دەیبڕین”.

وا بڕیارە 23.6.2024 تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12 دەستپێبکات و هەفتانە دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێن.

“هەموو هەوڵێک دراوە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا کارەبا بۆ هۆڵەکان دابین بکرێت تا قوتابیان لە کەشێکی فێنکدا تاقیکردنەوەکانیان بکەن”، ئەوەش قسەی وەزیری پەروەردەیە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق: ئەوەی قسە بکات سزا دەدرێت

وەزارەتی پەروەردەی عێراق: ئەوەی قسە بکات سزا دەدرێت