دایکان و باوکان ئاگادار بن
نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە ناو منداڵاندا بڵاوبووتەوە
964+
دیلان محمد – سلێمانی
نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە ناو منداڵاندا و دەڵێت، ئاگاداری منداڵەکانتان بن.
دکتۆر کۆیان هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە 964 وت، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە ناو منداڵاندا بە رێژەی 50% زیادیکردوە.
دەشڵێت: دایکان و باوکان ئاگادار دەکەینەوە زیاتر ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت، بۆ ئەوەی بەدووربن لەو نەخۆشییە و ئاگاداری ئەو خواردنانەبن، کە دەیدەن بە منداڵەکانیان.
ئەگەر تووشی سکچوون و رشانەوە بوویت چی دەکەیت؟
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان دەڵێت: رۆژانە رێژەیەکی زۆر لە منداڵان سەردانمان دەکەن و لەو رێژەیەش 50% نەخۆشی سکچوون و رشانەوەیان هەیە، ئەوەش حاڵەتیکی ئاساییە، چونکە ساڵانە لەو کاتەدا بەهۆی گەرماوە ئەم حاڵەتانە دووبارە دەبنەوە.
” داواکاریمان ئەوەیە لە دایکان و باوکان بە هۆی نزیکبوونەوە لە جەژنی پیرۆزی قوربان و چوونە دەرەوەی زۆر، منداڵەکانیان لەم گەرمایە بپارێزن تا تووشی سکچوون و رشانەوە نەبن”، دکتۆر کۆیان هەورامی وا دەڵێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک نەخۆشخانەی منداڵان لەم رۆژانەدا ئامادەکاریی تەواوی خۆمان دەکەین.
پێداچوونەوە : سۆما حەکیم زادە