پەیامنێری 964 بەدواداچوونی کردووە
دەبەی پلاستیک و پێڵاو خەریکە کێبڵی کارەبای کۆڵانێکی دهۆک دادەپۆشن
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
سەرەتا چەند دەبەیەکی پلاستیکی و پێڵاو بوون، بەڵام وا ماوەیەکە لە کۆڵانێکی گەڕەکی شێلێ لە دهۆک، دەبە و پێڵاوێکی زۆر کە بەحەبل و پەت بەستراون، خەریکە کێبڵی کارەبا کۆڵانەکە دادەپۆشن.
دیمەنەکە بە جۆرێک سەرنج راکێشە، هەر کێبڵێکی کارەبای ئەو گەڕەکە چەند دەبە و پێڵاوێکی پێوە هەڵواسراوە، ئەستەمە بە گەڕەکەکەدا گوزەر بکەیت و چاوت نەکەوێتە سەر ئەو دەبەپلاستیک و پێڵاوانە.
پەیامنێری 964 لە دهۆک سۆراغی ئەو دیمەنانەی کرد، “خەڵکی گەڕەک دەڵێن منداڵان وایان لێ کردووە”، کارەبای دهۆکیش دەڵێت، “بەدوایدا دەچین هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ چارەسەرکردن و دوورخستنەوەی مەترسی لە هێڵەکانی کارەبا دەیگرینەبەر”.
حەمزە دۆسکی، دانیشتوویەکی گەڕەکی شێلێیە بە 964ـى وت، “منداڵانی گەڕەکی شێلێ لە کاتی یاریکردندا یان گەڕانەوە لە یاریگەی تۆپی پێ، کە سەرکەوتن تۆمار دەکەن بۆ دڵخۆشی خۆیان دەبەی ئاو و پێڵاوەکان فڕێ دەدەنە سەر کێڵبی کارەباکان”.
”پێشتر دەبە و پێڵاوەکان زیاتر بوون، بەڵام بەهۆی رەشەبا و بارابارینی زۆر کەوتوونەوە خوارەوە، دڵنیام لەم هاوینە دووبارە زیاد دەبنەوە” ئەو دانیشتووەی گەڕەکی شێلێ وای وت.
بە گوێرەی سۆراغی 964، ستوونەکانەکانی کارەبا، کێبڵی کارەبای گشتی و مۆلیدەی لە رێگەیەوە راکێشراوە، بە مەودای شەش ستوون کێبل بە پێلاو دەبە داپۆشراون، ئەمە جگەلەوەی مەترسی دروستکردووە لە نزیکبوونەوەی کێبڵەکانی کارەبا و وزە گەرم و ساردەکان لە یەکتری.
ئەحمەد عەلی، کە زیاتر لە حەوت ساڵە لەو گەڕەکە نیشتەجێیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی،”لە ئێواران و شەوان منداڵی زۆر لە گەڕەکەکەدا یاری دەکەن، چەند مانگێکە منداڵان دەبەی پلاستیک و پێڵاوەکانیان فڕدەدەنە سەر کێبڵی کارەبا، بەڵام تا ئێستا زیانی بە کارەبا نەگەیاندووە”.
لەسەر ئەو بابەتە 964، قسەی لەگەڵ کارەبای دهۆک کرد و دیمەنەکەی بە ئەوان گەیاند، عەبدولقادر بامەرنی، وتەبیژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای دهۆک بە 964ـی وت، “ئاگادار نین لەسەر ئەم بابەتە و بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین، نازانین ئەو کێبڵانەی وایان لێکراوە کێبڵی کارەبای گشتین یان کێبڵی کارەبای مۆلیدەیە، ئەگەر کارەبای گشتی بێت بەدواداچۆنی خۆمان دەکەین، ئەوەی پێویست بێت دەکەین تا گرفت بۆ هێڵەکان دروست نەبێ”.
لەپارێزگای دهۆک سێ کۆنترین گەڕەک هەن، گەڕەکی شێلێ یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی دهۆک، نزیکە لە بازاڕی دهۆک بەشی زۆری دوکانەکان ئەو گەڕەکە، جلی کۆنە، دارتاش و میوە فرۆشن، خەڵکی ئەم گەڕەکە مەسیحی، ئاشووری و موسڵمانن و پێکەوە دەژین، یەکێکە لەو گەڕەکانەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێزی تێدایە و زیاتر لە دوو هەزار و 500 ماڵ دەبن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا