رێکارەکەی چۆنە؟
ئیتر لە هاتوچۆی زاخۆ جام رەش دەکرێ
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەتوانن لە زاخۆ جامی ئۆتۆمبێلەکانیان رەش بکەن، ئیتر ئەوە نەما بۆ مامەڵەکەی بچن بۆ دهۆک.
ئەمرۆ چوارشەممە 5.6.2024، بەشی مامەڵەکانی رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل لەبەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی زاخۆ کرایەوە و چیتر خاوەن ئۆتۆمبێلەکان ناچارنابن روو لە دەرەوەی زاخۆ بکەن.
نرخی بەپێی رێژەیی رەشکردن بەم شێوەیە:
رەشکردنی دوو جام بەرێژەی 50% نرخەکەی 200 هەزار دینار و چوار جام بە 400 هەزار دینار، رەشکردنی دوو جام بەرێژەی 80% نرخەکەی 400 هەزار دینارە و چوار جام 600 هەزار دینار.
موقەدم محەمەد سلێمان، وتەبێژی هاتوچۆی زاخۆ بە 964 وت، “نزیکەی دوو ساڵە کاردەکەن شۆفێرەکانی زاخۆ پێویستیان بەدەرەوە نەبێت بۆ ئەم جۆرە مامەڵانە، وە ئەگەر مانگێک لەسەر مۆڵەتی رەشکردنەکەی تێپەری و شۆفێرەکە نوێنەی نەکردەوە، ئەوا بە 500 هەزار دینار سزادەدرێت و جامە رەشەکە لێدەکەنەوە و سێ رۆژیش ئۆتۆمبێلەکەی رادەگیرێت”.
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر شوفێرانی زاخۆ ناچار دەبوون بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان بەدووری 55 کیلۆمەتر روو لەدهۆک، یانیش 62 کیلۆمەتر روو لە دۆمیز بکەن، بەڵام لە ئەمرۆوە دەتوانن لە زاخۆ جامی ئۆتۆمبێلەکانیان رەش بکەن و پێویستیان بەدەرەوەی زاخۆ نابێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا