وێنە؛ وەزارەتی شارەوانی
هەولێر.. بە چاندنی 20 هەزار گوڵ خۆی بۆ بەهار ئامادە دەکات
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
سێ رۆژە هەڵمەتێکی چاندنی 20 هەزار گوڵ لە هەولێر دەستی پێکردووە، بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانیش دەڵێ: شەش تیم سەرقاڵی چاندنی گوڵی بەهارەن.
هەڵمەتی چاندنی 20 هەزار گوڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەمەش شەش تیم دروستکراون.
دوێنێ هەینی 19ـی کانونی دووەم، یەکەم رۆژی هەڵمەتەکە بوو کە بڕیارە سێ رۆژ بەردەوام بێت، بەو پێیەش سبەی شەممە دوا گوڵی بەهارە لەو 20 هەزار گوڵە لە هەولێر دەچێندرێت.
ئەو شەش تیمە بەسەر سەنتەری شاری هەولێر دابەشکراون، تیمێکیان گوڵی بەهارە لە شەقامی زاگرۆس دەچێنێت کە دووسایدی دیوی پشتەوەی باڵەخانەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکات، هەروەها تیمێکی دیکە گوڵەکە لە شەقامی بازنەیی 60 مەتری دەچێنێت کە بەردەم پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانیش دەگرێتەوە.
تیمێکی تری ئەندازەی پارکەکان ئێستا لە گوڵی بەهارە لە بلواری شەقامی بازنەیی 40 مەتری دەچێنن، هەروەها تیـێکی دیکە بلواری شەقامی بازنەیی 30 مەتری گوڵڕێژ دەکەن.
هەرچی تیمەکەی دیکەی ئەندازەی پارکەکانە، شەقامی فڕۆکەخانە و 100مەتری و 120مەتری بە گوڵی بەهارە دەڕازێننەوە.
سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی964ـی وت “ئەو گوڵانە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوەوە بە تۆو چێندراون و بەرهەمی کوردستانن، پێشتر دانەی بە هەزار دینار دەکڕدران، بەڵام ئێستا نەمامگەکانی شارەوانی بەرهەمیان دەهێنێت “.

وەک زانراوە، ئەو گوڵەی لە هەڵمەتەکە دەچێندرێ ناوی (هەمیشە بەهار)ە، لە کۆتایی مانگی کانونی دووەەم دەست بەچاندنی دەکرێت و تا مانگی ئایار دەمێنێتەوە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بۆ ساڵی 2023، زیاتر لە 187 هەزار دار و گوڵ ئامادەکراوە بۆ چاندن، بڕیارە لە 10ی شوباتی ئەمساڵ دەست بە چاندنیان بکرێت.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، لەماوەی ساڵی 2022، بەتێکڕای ساڵەکە 300 هەزار گوڵ و دار چێندراون، هاوکات رێژەی سەوزایی شاری هەولێر لەو ساڵە بەرزبوەتەوە بۆ 19.5 لە کاتێکدا ساڵی 2021، ئەو رێژەیە 18.5 بووە.