بەڕێوەبەرەکەی: بە دیمەنەکە تێ مەکەون
دیمەنەکەی گوومانی لە پاکی ئاوی خواردنەوەی خانەقین دروستکردووە
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
پیرە پڕۆژەکەی ئاوی خانەقین، جگە لەوەی گومانی تەندروسبوونی دروستکردووە، دیمەنە ناشارستانییەکەی نیگەرانی خەڵکی قەزاکەی لێ کەوتووەتەوە و ئەو نیگەرانییانەش گەیشتوون بە فەرمانگەی ئاوی خانەقین.
مەحمود قەیسی، دانیشتوویەکی خانەقینە ئەو بە دەم دەربڕینی نیگەرانییەوە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “گەورەترین ستەم لە خەڵکی ئەم شارە دەکرێت، کە ساڵانێکە ئەم ئاوە پیسەی پێ دەدرێت و رۆژانە بەکاریدەهێنین و لێی دەخۆینەوە، سەرەڕای ئەوەی لەم دواییەدا نەخۆشی گورچیلە زیادی کردووە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار هیچ گرنگی بەو بابەتە نادات، وەکو بڵێی خەڵکەکەیان بە توانای پڕۆژەکە ناچار کردووە”.
پڕۆژەکە لە ساڵی 1968 وە دروستکراوە و بۆ سەردەمی حکومڕانی، سەرکردەی رژێمی پێشووی عێراق ئەحمەد حەسەن بەکر دەگەڕێتەوە، تا ئیستاش هەروەک خۆی و بەهەمان دیزاین لە کارکردن بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.6.2024، ئەندازیار عەباس عادل، بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوی خانەقین بە 964ی وت، “ئەو دیمەنەی کە خەڵکی شارەکە باسی دەکەن ئاساییە و لە زۆر شاری تری عێراقیش هەیە تەنانەت ناو بەغداش، بەڵام ئاوەکە پاش ئەوەی دەچێتە بواری فلتەرکردن و تەعقیمەوە، بە باشی پاک دەکرێتەوە کە شیاوی بەکارهێنن و خواردنەوە بێت”.
بە قسەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو، “لیژنەیەک لە بەرێوەبەرایەتی ئاوی دیالە و لیژنەیەکیش لە نەخۆشخانەی خانەقین بەردەوام سەرپەرشتی و بەدواداچوون بۆ کاری رۆژانە فەرمانگەکەیان و تەندروستبوونی ئاوەکەی دەکەن پێش ئەوەی بدرێت بە دانیشتووانی قەزاکە”.
سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکە، لە جۆگەی باڵاجۆ و بەنداوی ئەڵوەنەوە سەرچاوە دەگرێ، عەباس عەلی وتی، “ئێستا کار لە دروستکردنی پڕۆژەیەکی ئاوی نوێ دەکرێت بۆ خانەقین، کە بە نزیکەی دوو هێندە و نیوی پڕۆژەکەی ئێستایە، بەشێوەیەک دەکرێت کە تاوەکو پەنجا ساڵی تریش بەشی خەڵکەکی قەزاکە بکات”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا