جوانی و گەنج مانەوەی ژنێکی عێراقی سەرنجی هەمووان رادەکێشێت

+964

پەری ساڵح

ئۆمیت عەزاوی 62 ساڵ ، خاوەنی پێستێکی جوان و بریقەدارە و زۆر کەمتر لە تەمەنی راستەقینەی دەنوێنێت.

لە ئینستاگرام زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری هەیە و پسپۆڕی خۆراکە، دایکی رۆمان نووسێکی بەناوبانگی عێراقیە بەناوی لەتیفە دلێمی و باوکی دەرهێنەری ناسراو کامل عەزاویە.

سەرەتاکانی تەمەنی بە سەمای بالیە دەستپێدەکات، دواتر دەچێتە بواری دیزاین و جلوبەرگ و راهێنانی نمایشکاری، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە ژیانی دەگۆڕێت و دەبێتە پسپۆڕی بواری خۆراکی تەندروست و چەندین بڕوانامەی عەرەبی و ئەمریکیش بەدەستدەهێنێت.

ئۆمیت عەزاوی ئێستا لە رێگای سۆشیال میدیاوە رێنمایی خۆراکی دەداتە فانەکانی بەتایبەت ئەو کەسانەی کێشەی قەڵەوییان هەیە و دەشڵێت، خۆی لە هیچ خواردنێک بێ بەش ناکات و تەنانەت پاچەش دەخوات، ئەگەر بەشێوازێکی تەندروست و گونجاو ئامادە بکرێت.

بە هەموو شێوەیەکیش خواردنی شەکر و ئاردی سپی و شیر و چەوریە ناتەندروستەکان رەتدەکاتەوە، ئامۆژگاری هەمووانیش دەکات بە خواردنی سەوزە لەگەڵ هەموو ژەمەکان و شەوانە پێش کاتژمێر 12 خەوتن و ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی یان سێ رۆژ رێکردن لە هەفتەیەکدا .